رووداو دیجیتاڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی کۆمەڵە لە سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سەرکۆنەی هەر هێرشێک دەکەن کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج. مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "بە خەمگینییەکی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانمان لە شاری سلێمانی بیست، کە لە ئەنجامی هێرشی رژێمی ئێراندا و لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا شەهید بوون." لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەزڵووم عەبدی پرسە و سەرەخۆشیی خۆی دەردەبڕێت و دەنووسێت: "پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی سەرجەم خانەوادەی شەهیدان، سەرکردایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان و گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین." بەرەبەیانی رۆژی هەینی، 17ـی تەممووزی 2026، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژ هێرشێکی چڕی کردە سەر بارەگاکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە زرگوێزەڵە و چەند ناوچەیەکی دیکەی سنووری سلێمانی. بەهۆی هێرشەکەوە 9 پێشمەرگە شەهید بوون و دووی دیکەش بە سەختی بریندار بوون؛ دەزگای ئاسایشی هەرێمیش رایگەیاند، هێرشەکە بە 7 مووشەک ئەنجامدراوە.