ئامادەکردنی: سەرکار حوسێن شارەزایەکی کەشناسی دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا پلەی گەرما لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە و لە رۆژانی 26 و 27ی تەممووز دەگاتە بەرزترین ئاست". ئەمڕۆ شەممە 18ی تەممووزی 2026، ئاسۆ کەمال، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هۆی زیادبوونی کاریگەری بارستە هەوایەکی گەرمی هاوینە، لە چەند رۆژی داهاتوودا، شەپۆلێکی تووندی گەرما ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە". بە پێی پێشبینییە کە، ئەم شەپۆلە لە کۆتایی مانگی تەممووزدا زیاتر چڕ دەبێتەوە، بە شێوەیەک کە رۆژانی 26 و 27 تەممووز گەرمترین رۆژەکانی ئەم مانگە دەبن و پلەکانی گەرمی تێیاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکەن. ئاسۆ کەمال دەڵێ: "لەو رۆژانەدا لە هەندێ ناوچەی گەرمیان، پلەی گەرما دەگاتە نزیکەی 50 پلەی سیلیزی." بە گوێرەی بڵاوکراوەی بەشی پێشبینیی کەش و هەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، سبەی پلەی گەرما بەم جۆرە دەبێت: هەولێر: 43 پلە سلێمانی: 42 هەڵەبجە: 43 دهۆک: 42 چەمچەماڵ: 43 زاخۆ: 43 ئاکرێ: 42 گەرمیان: 46 سۆران: 42 حاجی ئۆمەران: 36