رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی براکانمان لە هەولێر دەوەستین و هێرشکردنە سەر هەر یەکێکمان هێرشە بۆ سەر هەموومان."
رۆژی شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی هێرشە مووشەکییەکانی شەوی رابردووی ئێران، رایگەیاند: "شەوی رابردوو، ئاسایش و سەروەریی نەتەوەکەمان رووبەڕووی پێشێلکارییەکی گەورە و قبووڵنەکراو بووەوە. هێرشێکی مووشەکیی بالیستی، کە لە ئێرانەوە هاوێژرا، نیشتمانەکەمان و هێزە ئەمنییە قارەمانەکانمانی کردە ئامانج."
سەرۆکی یەکێتی جەخت لەوە دەکاتەوە کە کاری هەرە لەپێشینەیان سەلامەتی، خۆشگوزەرانی و پاراستنی هاووڵاتییانە و دەزگا فریاگوزارییەکان و هێزەکانی بەرگری بە تەواوی خراونەتە گەڕ. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئارام و چاوکراوە بن و پابەندی رێنماییە فەرمییەکانی دەزگا ئەمنییەکان بن.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا، بافڵ تاڵەبانی ئەو هێرشە بە "کردەوەیەکی شەڕانگێزیی بەئەنقەست و پێشێلکارییەکی تووندی یاسا نێودەوڵەتییەکان" ناو دەبات و دەڵێت: "بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی ئەم هێرشە دەکەین. با ئەوە روون بێت: بەئامانجگرتنی نەتەوەکەمان بە تەواوی قبووڵنەکراوە، سەلامەتیی گەلەکەمان هێڵێکی سوورە کە ناتوانرێت پێشێل بکرێت."
شەوی هەینی هێرش کرایە سەر بارووتخانەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی و ئاگر لە ناوچەکە کەوتووەتەوە. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 گوتی، "بریندار هەن، بەڵام برینەکانیان سووکن."
سەبارەت بە کاردانەوەکانیش، بافڵ تاڵەبانی روونیکردووەتەوە کە ئەوان بەدوای پەرەسەندنی گرژی و ناسەقامگیریی زیاتردا ناگەڕێن لە ناوچەکەدا، بەڵام "نابێت دانبەخۆداگرتنمان بە کەمبوونی ورە یان بێتوانایی لێکبدرێتەوە."
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، بە شێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانیان لە هاوئاهەنگیدان بۆ دەستەبەرکردنی وەڵامێکی دیپلۆماسی و بەرگریکردنێکی ژیرانە، یەکلاکەرەوە و بەهێز بۆ پاراستنی نەتەوەکەمان. هەروەها داوای راگرتنی دەستبەجێی ئەو "کردەوە دوژمنکارییانە" و روونکردنەوەی دەستبەجێ دەکات سەبارەت بەو پێشێلکارییانە.
لە دوای هێرشەکەی شەوی هەینی لەبارەی دەرئەنجامی هێرشەکەوە سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی 122 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: " لە ئاکامی هێرشەکەی سەر تاسڵوجە 2-3 بریندار هەن، بەڵام برینەکانیان سووکن و گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە."
هاوکات هەر شەوی هەینی، بە چوار درۆن هێرش کرایە سەر هەولێر، بەڵام بەر لەوەی درۆنەکان ئامانج بپێکن، لەرێگەی سیستمی بەرگری ئاسمانییەوە تێکشکێنران. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هیچ زیانی گیانیی نەبووە.



