رووداو دیجیتاڵ
نرخی کیلۆیەک پیاز لە ئامەدی باکووری کوردستان، 50 لیرە (نزیکەی 1.6 دۆلار)ی تێپەڕاند.
ماوەی چەند رۆژێکە لە بازاڕەکانی ئامەدی باکووری کوردستان، نرخی هەڵواسراوی پیاز، بەردەوام نوێ دەکرێتەوە و رۆژ بە رۆژ نرخەکە بەرزتر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-7-2026 سەوزە و میوەفرۆشان نرخەکەیان نوێکردەوە کە دوایینیان 50 لیرەی تورکییە (نزیکەی 1.6 دۆلار). کەمیی پیاز، کە یەکێکە لە بەرهەمە دانەبڕاوەکانی ناندینی ماڵ و خواردنگەکان، نرخەکەی گەیاندووەتە ئاستێکی مێژوویی.
دابەزینی بڕی بەرهەم بەهۆی بارانبارینی زۆری وەرزی بەهار، خستنەڕووی لە بازاڕدا کەمکردەوە و نرخەکەی لە ماوەی ساڵێکی رابردوودا نزیکەی 10 هێندە بەرزکردەوە.
نرخی پیاز 10 هێند بووە
لە بازاڕە میللییەکان و مارکێتەکانی ئامەدیشدا، نرخی کیلۆیەک پیاز کە 50 لیرەی تێپەڕاندووە، گوشاری خستووەتە سەر گیرفانی خەڵک.
بەهۆی ئەوەی پار نرخی یەک کیلۆگرام پیاز پێنج لیرە بوو و ئەم ساڵ بۆ 50 لیرە بەرزبووەتەوە، زۆر لە هاونیشتمانیان لە بری کیلۆ، ئێستا بە دانە دەیکڕن.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، ساڵانە لە تورکیا و باکووری کوردستاندا نزیکەی 2.6-2.7 ملیۆن تۆن پیاو بەرهەم دێت.
پارێزگای ئەنقەرە ساڵانە 826 هەزار پیاز بەرهەم دەهێنێت و پێشەنگی پارێزگاکانی گرتووە.
دیلۆک و ئامەد لە بەرهەمهێنانی پیازدا پێشەنگی باکووری کوردستانن؛ ساڵانە دیلۆک نزیکەی 46 هەزار و ئامەد 35 هەزار تۆن پیاز بەرهەمدەهێنن.