رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا گەیشتوونەتە 49 درۆن و مووشەک، هەروەها کۆی هێرشەکانیش 920 درۆن و مووشەکی تێپەڕاند. دوایین هێرشەکان بۆسەر بارەگاکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بوو و بەرپرسێکی حیزبەکە دەڵێ، زیانی گیانییان نەبووە.
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 00:20ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە مووشەکێک لە دۆڵی ئالانە لە سنووری قەزای خەلیفان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کراین".
پەناهی گوتی، لەنێوان کاژێر 01:50 بۆ 01:55ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆش بە دوو درۆن کەمپی سوورداش و بارەگای هێزەکانیان لە سنووری ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی بۆردوومان کراوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەکیش لە سنووری ئەشکەوتی جاسەنە هەر لە پارێزگای سلێمانی، بەڵام نازانن مووشەک بووە یان درۆن.
بەگوێرەی ئاماری کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە 28ـی شوباتەوە هێزەکانیان بە 93 درۆن و مووشەک هێرشیان کراوەتەسەر
هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لەم مانگەدا سنووری هەولێر بە 32 درۆن و یەک مووشەک بۆردوومان کراوە؛ هەروەها سنووری پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و شەش درۆن بۆردوومان کراوە.
مانگی رابردووش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومان کرا. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆسەر سنووری هەولێر بووە، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کراوەتە ئامانج.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 922 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 30 کەس گیانیان لەدەستداوە و 148 کەسی دیکە بریندار بوون.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
- پارێزگای هەولێر: 628 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: 261 هێرش
- پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: 2 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 30 کەس شەهید بوون، کە پێکدێن لە حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 18 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.


