رووداو دیجیتاڵ
لە بەردەوامیی قۆناخی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران و لە نۆیەمین شەوی هێرشەکاندا، شاری تەورێز ناوەندی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران بۆردوومان کرا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026، تەلەفیزیۆنی فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، دەنگی سێ تەقینەوەی بەهێز لە رۆژئاوای شاری تەورێز بیستراوە.
بە گوێرەی تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران، ئەوە یەکەمین جارە لە جەنگی 40 رۆژە و لە گەڕی نوێی هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، شاری تەورێز دەکرێتە ئامانج.
مەجید فەرشی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێزیش رایگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ و نزیک کاژێر 02:35 (بە کاتی ئێران) (2:05 بە کاتی هەولێر) ناوچەیەکی سەربازی لە باشووری رۆژئاوای شاری تەورێز لە لایەن سوپای ئەمریکاوە بۆردوومان کرا."
بەڕێوەبەری گشتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگای تەورێز دەڵێ: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە هێرشەکەدا کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون."
نۆ رۆژە لەسەر یەک، سوپای ئەمریکا بە چڕی دەستی بە بۆردوومانەکانی سەر ئێران کردووەتەوە و بە گوتەی بەرپرسانی واشنتن، ئامانج لە هێرشەکان، تێکشکاندنی هێزی سەربازیی ئێرانە لە تەنگەی هورمز بۆ ئەوەی رێڕەوێکی بازرگانیی ئازاد لە ناوچەکە بکەنەوە.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئێران راگەیاند.
بە پێی میدیای فەرمیی ئێران، هێرشەکانی ئەمریکا حەوت پارێزگای ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە کە ئەوانیش پارێزگاکانی خوزستان، بووشێهر، هورمزگان، سیستان و بەلووچستان، تەورێز و دوو پارێزگای لوڕستان و ورمیێ رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

