رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، دادگای تایبەتمەند دادگاییکردنی تۆڕێکی 5 کەسی لەسەر کەیسی خەڵەتاندن و وەرگرتنی بڕی 4 ملیۆن لیرەی تورکی (نزیکەی 85 هەزار دۆلار) لە 59 هاونیشتمانی یەکلایی کردەوە.
سەرۆکی تۆڕەکە خۆی وەک ئەفسەر و پارێزەری سەربازی و کارمەندی ناتۆ ناساندبوو و بە بەڵێنی دامەزراندن لە بنکەیەکی سەربازی، پارەی لە خەڵک وەرگرتووە.
تاوانباری سەرەکی کەیسەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە دەسەڵاتی وەرگرتنی کارمەندی لە سەربازگەی پىرێنچلیکی سەر بە فەرماندەیی فەیلەقی 7 لە ئامەد هەیە و لەو رێگەیەوە پارەی لە 59 کەسی وەرگرتووە.
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان دەرکەوت، تاوانبار وەستای بۆیاخ و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل لە کۆگای چاککردنەوە لە وەزارەتی بەرگری بووە.
لە پشکنینی جووڵەی هەژمارە بانکییەکانیدا دەرکەوتووە کە زۆر کەس پارەیان بۆ ئەو کەسە ناردووە و لە بەشی تێبینییەکاندا نووسیویانە "بۆ دامەزراندن لەنێو سوپا" یان "پێشەکیی دامەزراندن لە سەربازگەی پیرێنچلیک".
بەپێی دۆسیەی لێکۆڵینەوەکە، تاوانبارەکان لەو رێگەیەوە نزیكەی 4 ملیۆن لیرە، کە دەکاتە نزیکەی 85 هەزار دۆلاریان دەستکەوتووە.
یەکێک لە قوربانیان رایگەیاند: "تاوانبار خۆی وەک ملازم ناساند و لە بەرامبەر پارەدا بەڵێنی دامەزراندنی پێدام."
لە لیکۆڵینەوەی دادگادا دەرکەوتوو کە تاوانبار تەنیا نەبووە و 4 کەسی دیکەیشی لەگەڵ بووە کە یەکێک لەوان پلەی سەربازی هەیە.
دادگا دوای هەڵسەنگاندنی تۆمارە تەلەفۆنییەکان و جووڵە لە هەژمارە بانکییەکان، سزای 28 ساڵ و 4 مانگ زیندانیکردنی بەسەر تاوانباری سەرەکی و 88 ساڵ و 4 مانگ زیندانیکردنی بەسەر ئەو تاوانبارەدا سەپاندووە کە پلەی سەربازی هەبووە.
هەرەوها دادگا بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سێ تاوانباری دیکەش دەرکرد کە لەو کەیسە تێوەگلاون.

