رووداو دیجیتاڵ
سەرکردایەتیی بزووتنەوەی ئاپۆچی لە قەندیل لە راگەیێندراوێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرۆژەیاسای تایبەت بە پرسی کورد لە تورکیا دەڵێ، پێویستە ئەو یاسایەی کە بڕیارە دەربچێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و سەرجەم ئەندامانی بزووتنەوەکە بگرێتەوە بۆ ئەوەی زەوینەی بەشداریکردنیان لە سیاسەتی دیموکراسیدا بۆ بڕەخسێندرێ.
سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوێکدا سەرنجی خستە سەر ئەو هەواڵ و لێدوانانەی لایەنەکانی نزیک لە دەسەڵاتی تورکیاوە سەبارەت بە نێوەرۆکی پرۆژە یاساکە بڵاودەکرێنەوە و رایگەیاند: "یاسایەک کە ئازادیی فیزیکیی رێبەر ئاپۆ نەگرێتەوە، هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و بە روونی بە واتای تێکدانی پرۆسەکە دێ."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە 2 مانگە رێگە بە هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان نەدراوە، لە کاتێکدا شاندی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان دەم پارتی دوای دیدارەکانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رایگەیاندبوو کە رێککەوتن لەسەر دەرکردنی پرۆژە یاسایەکی لە مانگی تەممووزدا کراوە و بڕیاریشە لە 23ی تەممووزدا شاندەکە سەردانی ئیمراڵی بکات.
بزووتنەوەکە داوای لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کرد کە پاڵپشتی لە ئازادکردنی ئۆجەلان بکەن، چونکە ململانێی 50 ساڵەی تورکیا تەنیا لە رێگەی گواستنەوەی دانوستاندنەکان بۆ سەر زەوینەی یاسایی و سیاسی چارەسەر دەبێت و ناکرێت کێشەکە تەنیا بۆ پرسی چەکدانان بەرتەسک بکرێتەوە.
لە کۆتاییدا داوا لە گەلانی تورکیا و هێزە دیموکراسییەکان کراوە کە چاوەڕوانی هەنگاوەکانی دەوڵەتی تورکیا نەکەن و خۆیان بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی "بەدیموکراسیکردن"ی تورکیا رێکبخەن.
ئەم راگەیاندنە سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئاپۆچی لە کاتێکدایە، لە ناوخۆی تورکیا ئامادەکاریی دەکرێ بۆ پێشکەشکردنی پرۆژە یاسایەکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری بۆ پەرلەمان پێش چوونە پشووی هاوینە.
بزووتنەوەی ئاپۆچی ناوێکە کە بۆ پەکەکە بەکاردێ، دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لە بەهاری رابردوودا.
لەلایەکی دیکەوە نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەنیازی زنجیرەیەک سەردانە بۆ لای پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان (لەوانە مەهەپە، دەم پارتی و ئاکپارتی) بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرۆژە یاساکە و و کۆکردنەوەی کۆدەنگی و پاڵپشتی بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاساکە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێکەوت.
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، شاندەکەی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتهات سانجار و ئۆزگور فایق ئەرۆڵ و بە مەبەستی دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەرەو دوورگەی ئیمراڵی بەڕێ کەوتووە.



