رووداو دیجیتاڵ
وەزیری تەندروستیی عێراق رەزامەندی لەسەر دابینکردنی ئامێرێکی پێشکەوتووی قەستەرەی دڵ بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەربڕی. رێکەوت حەمەرەشید، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، نرخەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە و کۆتایی بەو مەینەتییانە دەهێنێت کە نەخۆشانی دڵ لە هەڵەبجە بەدەستییەوە دەیانناڵاند.
رۆژی سێشەممە، 21ی تەممووزی 2026، رێکەوت حەمەرەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەڵەبجە، توانیمان رەزامەندیی وەزیری تەندروستیی عێراق وەربگرین بۆ دابینکردنی ئامێرێکی قەستەرەی دڵ بۆ پارێزگاکە."
سەبارەت بە گرنگیی ئامێرەکە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی، "ئەم ئامێرە پێشتر لە هەڵەبجەدا نەبووە و لە نەخۆشخانەی دڵ دادەنرێت. نرخەکەی نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە."
بەپێی ئەو نووسراوە فەرمییەی کە رێکەوت حەمەڕەشید ئاراستەی وەزیری تەندروستی عێراقی کردووە و رەزامەندیی لەسەر وەرگیراوە، ئاماژە بەوە دراوە کە لە ساڵی 2020ـەوە بە هاوکاری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) بینایەکی تایبەت بۆ بەشی قەستەرەی دڵ لە هەڵەبجە دروستکراوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێرەکەوە، تاوەکو ئێستا کارا نەکراوە.
رێکەوت حەمەرەشید زیاتر گوتی، "پێشتر نەخۆشانی هەڵەبجە ناچاربوون بۆ قەستەرە بچنە شاری سلێمانی، ئەمەش جگە لە مەترسیی رێگە، مەترسییەکی گەورەشی لەسەر ژیانی نەخۆشەکان دروست دەکرد، بەتایبەت ئەو حاڵەتانەی کە پێویستیان بە کاتێکی کەم هەبوو بۆ رزگارکردنی ژیانیان."
وەک لە بەڵگەنامەکەدا دەردەکەوێت، دوای داواکارییەکەی ئەم پەرلەمانتارە، وەزیری تەندروستی عێراق واژۆی رەزامەندی لەسەر داواکارییەکە کردووە و نووسراوەکەی ئاراستەی "کۆمپانیای گشتیی کیمادیا" کردووە بە مەبەستی دابینکردنی ئامێرەکە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.



.jpg&w=3840&q=75)