رووداو دیجیتاڵ
ماوەی زیاتر لە شەش ساڵە دۆسیەکانی نزیکەی هەزار خێزانی کورد لە بەڕێوەبەرایەتیی رەگەزنامەی خانەقین سڕ کراون، لیژنەیەک پێکدەهێنرێت بۆ چارەسەری دۆسیەکانیان، بەگوتەی ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئەو خێزانانە نەیاندەتوانی هیچ مامەڵەیەک بکەن.
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پشکی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ئەو هەزار خێزانە کوردەی خانەقین نزیکەی پێنج هەزار کەس دەبن و بەهۆی کێشەی فەرمانبەرێکی رەگەزنامەی خانەقینەوە، کە بە تۆمەتی ساختەکاری رەوانەی لێکۆڵینەوە کراوە، دۆسیەی ئەو هەزار خێزانەش سڕ کراون کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەو فەرمانبەرەدا مامەڵەیان کردووە.
ئەو پەرلەمانتارە لە 29ـی حوزەیرانی 2026 نووسراوێکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی باری شارستانی و پاسپۆرت و مانەوە کردووە بۆ ئەوەی کێشەی ئەو خێزانانە چارەسەر بکرێت، 20ـی تەمووز بڕیار دراوە کە لیژنەیەک بۆ چارەسەری ئەو دۆسیانە پێکبهێنرێت و راسپاردەکانی لەو بارەیەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەرز بکرێتەوە.
سروە محەممەد رایگەیاند کە بەهۆی ئەو سڕکردنەوە، ئەندامانی ئەو هەزار خێزانە ناتوانن مامەڵەکانی جیاکردنەوەی خێزان، هاوسەرگیری و دامەزراندن بکەن. بڕیار دراوە بە شێوەی سەرەتایی هەر یەکێکیان مامەڵەی هەبێت، سەردانی لیژنەکە بکەن لە بەغدا بۆ ئەوەی سڕکردنەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.




.jpg&w=3840&q=75)