رووداو - دیجیتاڵ
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نرخی مریشک لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و کیلۆیەک گەیشتووەتە نزیکەی چوار هەزار دینار. خاوەن پەلەوەرخانەکان دەڵێن، بەهۆی گەرماوە بەخێوکردنی مریشک زەحمەت بووە و ئەوەی بەرهەمیش دەهێندرێت، بازرگانانی بەغدا دەیکڕن.
ئەحمەد حەسەن، خاوەنی پەلەوەرخانەیەکە و ئێستا هۆڵەکانی چۆڵن، ئەو باس لەوە دەکات کە گەرما کاریگەریی گەورەی لەسەر کارەکەیان هەبووە و بە (رووداو)ی راگەیاند: "هاوینە و مریشک بە زەحمەت بەخێو دەکرێت. ئەوانەشی ئێستا بەخێوی دەکەن، هەر بە بچووکی دەیفرۆشن بە بازرگانانی بەغدا، چونکە لەوێ بەهۆی زۆریی گەرماوە مریشک پێناگات، بۆیە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن؛ ئەمەش وایکردووە مریشک لە بازاڕەکانی ناوخۆ کەمببێتەوە و نرخەکەی بەرزببێتەوە."
ئەگەر پێشتر کیلۆیەک مریشک لە بازاڕەکاندا بە نزیکەی سێ هەزار دینار بووبێت، ئێستا هەر لەناو پەلەوەرخانەکاندا بە سەرووی سێ هەزار دینار بە بازرگانان دەفرۆشرێت و تاوەکو دەگاتە دەستی هاونیشتمانییان، نرخەکەی دەگاتە چوار هەزار دینار.
تێچووی بەرهەمهێنان گران بووە بەهرام ئەکرەم، مریشکفرۆشێکە لە هەولێر و ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو پێداویستییەکانی کارەکەیان گران بووە، ئەو دەڵێت: "ئالیک، دۆلار، گاز و کارەبا هەمووی گران بووە و ئەمانە لەسەر خاوەنکار هەژمار دەکرێن. بۆ نموونە پێشتر فەردەیەک عەلاگە (کیسی نایلۆن) بە 31 هەزار دینار بوو، گەیشتە 75 هەزار دینار و ئێستا بە 50 هەزار دینار دەیکڕین، ئەمەش هەمووی کاریگەریی لەسەر نرخی کۆتایی هەیە."
ئاماری کەرتی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان:
- پڕۆژە رێگەپێدراوەکان: 1,700 پەلەوەرخانە.
- بەرهەمی ساڵانە: زیاتر لە 300 ملیۆن کیلۆ مریشک.
- پێویستیی ناوخۆ: 150 ملیۆن کیلۆ مریشک.
- پەلەوەرخانە پەککەوتووەکان: نزیکەی 500 پەلەوەرخانە لەم وەرزەدا بێ بەرهەمن.
سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی پەلەوەر لە هەرێمی کوردستان دوو هێندەی پێویستیی ناوخۆیە، بەڵام نەبوونی ساردکەرەوەی گەورە بۆ هەڵگرتنی گۆشتی مریشک و هەناردەکردنی بەردەوامی بەرهەمەکان بۆ ناوەڕاست و خواری عێراق، وایکردووە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان مریشک بە نرخێکی گران بکڕن.