رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لەم مانگەدا گەیشتوونەتە 56 درۆن و مووشەک، حەوتیان لە کەمتر لە 24 کاژێری رابردوودا بوون. هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدانیش بۆ 32 کەس بەرزبووەوە.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لەم مانگەدا سنووری هەولێر بە 38 درۆن و یەک مووشەک بۆردوومان کراوە؛ هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و شەش درۆن بۆردوومان کراوە و تەنێکیش لە پارێزگای هەڵەبجە کەوتووەتە خوارەوە.
لە نوێترین بۆردوومانەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 22ـی تەممووز، تەنێک لە نزیک ماڵێک لە گوندی عەنەب لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتە خوارەوە. بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، تەنیا زیانی ماددی هەبووە.
هەروەها شەوی سێشەممە 21ـی تەممووز، شەش تەنی جیاواز لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندران.
پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)یش رایگەیاند: هێرشەکانی شەوی رابردوو "پێنجیان مووشەک" بوون کە ئاراستەی بارەگای چەمشاری حیزبەکەیان کراون و هاوپەیمانان بێکاریگەرییان کردوون.
هەر دوێنێ 21ـی تەممووز، پێشمەرگەیەکی بریندار گیانی لەدەستدا، کە 17ـی تەممووز لە بۆردوومانی زرگوێزەڵەی سلێمانی بریندار ببوو؛ ئەو هێرشەی راستەوخۆ نۆ پێشمەرگەی هەمان حیزبی شەهید کرد.
مانگی رابردووش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومان کرا. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بوو، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کرایە ئامانج.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 929 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. لە ئەنجامدا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 147 کەسی دیکە بریندار بوون.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان:
پارێزگای هەولێر: 634 هێرش
پارێزگای سلێمانی: 261 هێرش
پارێزگای دهۆک: 31 هێرش
پارێزگای هەڵەبجە: 3 هێرش
زیانی گیانیی هێرشەکان
لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا 32 کەس شەهید بوون، کە پێکدێن لە حەوت پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، کارمەندێکی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ژن و مێردێک کە لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ 19 پێشمەرگەی پێنج حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان، کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان. دووانەکەی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا و سەربازێکی ئەمریکا بوون لە هەولێر.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29 پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە، سێ کەس لە بۆردوومانەکەی تاسڵوجە لە سلێمانی و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.



