رووداو دیجیتاڵ
یەکەم نمایشى جیهانیى فيلمى 'بەهەشت نابينيت ئەگەر ژن بتکوژێت' نوێترین بەرهەمى سينەماکاری کورد هەڵکەوت مستەفا لە 83ـەمین خولى فيستیڤاڵى نێودەوڵەتيى فيلمى ڤێنيس لە ئيتاليا دەبێت.
ئەمڕۆ فيستیڤاڵى ڤێنيس، کۆنترین فيستیڤاڵى فیلم لە جیهان و یەکێک لە گرنگترين بۆنە سينەماييە نێودەوڵەتييەکانە، لە کۆنگرەيەکى رۆژنامەوانیدا ناوی ئەو فیلمانەی ئاشکرا کرد لە خولى ئەمساڵدا بەشداری دەکەن.
هەڵکەوت مستەفا نووسەر و دەرهێنەرى فيلمەکە بە رووداوی راگەیاند: "زۆر خۆشحاڵم یەکەم نمايشى جیهانیى فيلمە نوێکەم لە ڤێنيس دەبێت؛ فيلمێک ئازايەتى و خۆڕاگريى ژنی کورد بە جیهان پێشان دەدات. سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم لە دروستکردنى ئەم فيلمەدا هاوکار و هاوسەفەرم بوون."
'بەهەشت نابينيت ئەگەر ژن بتکوژێت' چيرۆکى کچە نیشانەشکێنێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە بۆ رزگارکردنى خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنى دەچێتە نێو داعش، فيلمەکە وێنەی ژنێکی پێشمەرگە پێشکەش دەکات رەتیدەکاتەوە لەبەرلەم تاريکیدا سەر دابنەوێنێت.
هەڵکەوت مستەفا بۆ نووسينى ئەم بەرهەمە لەگەڵ ژمارەيەک ژنی پێشمەرگە کە دژى داعش جەنگاون، گفتوگۆی کردووە
فيلمەکە بەرهەمى کۆمپانیای ''هەنە فيلم''ـی نەرویجی و بە هاوبەشيى نێوان نەرويج، سوێد، ئيماراتى عەرەبی یەکگرتوو و هەرێمى کوردستان بەرهەم هاتووە.
دوايين بەرهەمى ئەم دەرهێنەرە کوردە، فيلمى دۆکومێنتاريى ''شاردنەوەی سەدام حوسێن'' بوو، کە لە بۆکس ئۆفيسدا بوو بە پڕبینەرترین فيلمى دۆکومێنتاری لە مێژووى سينەمای عەرەبیدا.
هەڵکەوت مستەفا خەڵکى باشووری کوردستانە و لە نەرويج نيشتەجێیە. ساڵى 2016 بە فيلمى سينەمايى ''کلاسيکۆ'' نێوبانگی بەدەستهێنا. فيلمەکە لە زياتر لە 56 وڵات نمایش کرا و چەندين خەڵاتی نێودەوڵەتى بردەوە.
خولى 83یەمى فيستیڤاڵى نێودەوڵەتيى فيلمى ڤێنيس، لە 2 تا 12ـی ئەیلوولی 2026 لە شارى ڤێنيسی ئيتاليا بەڕێوە دەچێت. نمايشکردنى فیلم لەم فيستیڤاڵەدا دەرگەی ناساندنى نێودەوڵەتى و گەیشتن بە بينەر و ڕەخنەگرانى جیهان دەکاتەوە.



