رووداو دیجیتاڵ لە دوو رووداوی جیاوازدا لە چەمی نسارە لە سنووری شاری دیواندەرە و ئاوی گەرمی باباگوڕگوڕ لە سنووری قوروەی سەر بە پارێزگای سنە، سێ کەس خنکان. لە رووداوەکەی باباگوڕگوڕدا پیاوێک دوای ئەوەی دوو منداڵی لە خنکان رزگارکرد، خۆی لەنێو ئاوەکەدا خنکا. خنکانی دوو گەشتیار لە چەمی نسارەی دیواندەرە رۆژی هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، ناسیح محەممەدخانی، قایمقامی دیواندەرە، رایگەیاند، دوو هاونیشتمانیی خەڵکی شاری تیکابی پارێزگای ورمێ، کە بۆ گەشت و سەردان هاتبوونە دیواندەرە، لە ئاوی نسارە خنکان. بەگوتەی قایمقامی دیواندەرە، دوو هاونیشتمانییەکە بە ناوەکانی محەممەد ئەڵڵامورادی (52 ساڵ) و عیسا جەعفەری (55 ساڵ) مەلەیان نەزانیوە و لە ئاوەکەدا خنکاون. رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە سنووری گوندی نسارە روویداوە. خنکانی هاونیشتمانییەک لە باباگوڕگوڕ لە رووداوێکی دیکەدا لە ناوچەی ئاوی گەرمی (باباگوڕگوڕ) لە شاری قوروە، هاونیشتمانییەک بە ناوی قوربان رەزایی، خەڵکی شارەکە، خنکا، ئەوەش دوای ئەوەی دوو منداڵی لە خنکان رزگار کرد. بەپێی زانیارییەکان، دوو منداڵی خەڵکی شاری سونقوڕی پارێزگای کرماشان کە لەگەڵ خێزانەکانیان بۆ گەشت، چووبوونە باباگوڕگوڕ و قوربان رەزایی بەمەبەستی رزگارکردنی منداڵەکان، چووەتە نێو ئاوەکە و پاش رزگارکردنیان، خۆی گیانی لەدەستداوە. بەپێی ئامارەکان، ساڵی رابردوو 888 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە ئاودا خنکابوون.