رووداو دیجیتاڵ درۆنێکی دیکە لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوێنێش پێنج درۆنی دیکە خرابوونە خوارەوە. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، نزیک کاژێر 03:30ـی دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە، 25ـی تەممووزی 2026، هێرشێکی درۆنی کرایە سەر هەولێر، بەڵام درۆنەکە لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێندرا. درۆنەکە لە شوێنێکی چۆڵ کەوتووەتە خوارەوە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی، 24ـی تەممووزی 2026، دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، "لە کاژێر 09:32 تاوەکو 09:45ـی پێشنیوەڕۆ، هێزەکانی هاوپەیمانان پێنج درۆنی بۆمبڕێژکراویان لە ئاسمانی هەولێر تێکشکاند و خستە خوارەوە." لە راگەیێندراوەکەی دژەتیرۆردا ئاماژە بەوە کرابوو کە ئەو درۆنانەی دوێنێ لە رۆژئاوای پارێزگای هەولێرەوە ئاراستە کرابوون، هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 930 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. بەهۆی ئەو هێرشانەشەوە تاوەکو ئێستا 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 150 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کوردستان25-07-2026سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکەی هاتووچۆی سووریا دەکات