رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کۆنسووڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور کرد و جەختی لە خواستی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سیئۆل کردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئیون گیوو شیم، کۆنسووڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد کە بە مەبەستی خۆناساندن و دەستبەکاربوونی سەردانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کۆنسووڵی گشتیی نوێی کۆریا کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست. هاوکات ئامادەیی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکێشکردنی هاوکاری و ئاسانکاری بە مەبەستی سەرخستنی ئەرکەکانی دەربڕی.
نێچیرڤان بارزانی وێڕای دووپاتکردنەوەی سوپاس و پێزانین بۆ هاوکارییەکانی کۆریای باشوور، جەختی لەسەر خواستی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆریا و فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکاندا کردەوە.
لای خۆیەوە، ئیون گیوو شیم، کۆنسووڵی گشتیی نوێی کۆریای باشوور، ستایشی رۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستپێکردنی ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، هاوکات جەختی لە بەردەوامیی هەوڵەکانی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە.

