رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لەسەر رێگەی سنە بۆ مەریوان، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کرد. بەهۆیەوە سێ ئەندامی خێزانێک گیانیان لەدەستدا. سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکەش مەهدی تەوەکولی کە یەک لە فۆتۆگرافەر و چالاکە دیارەکانی سنەیە، لەگەڵ دایک و خوشکێکی بوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، درەنگانی شەوی رابردوو لەسەر رێگەی مەریوان - سنە هێزێکی ئەمنی دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلی مەهدی کردووە. بەهۆی ئەو تەقەکردنە، مەهدی و دایکی و خوشکێکی گولـلەیان بەرکەوتووە و دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ تەرمی مەهدی و دایک و خوشکی لە رێوڕەسمێکی جەماوەریدا لە گۆڕستانی بەهەشتی محەممەدی شاری سنە بەخاک سپێردران.
رووداو زانیویەتی، دوای رووداوەکە هەڕەشە لە خێزانی تەوەکولی کراوە لەبارەی رووداوەکە هیچ لێدوان و روونکردنەوەیەک بۆ میدیاکان نەدەن و تەنیا بڵێن "بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە". هۆشداریشیان پێدراوە ئەگەر وا نەکەن رێگە نادرێت رێوڕەسمی بەخاکسپاردن و پرسەیان بۆ بگێڕن.
مەهدی تەوەکولی لە فۆتۆگرافەرە ناسراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. چەندین پێشانگەی فۆتۆگرافەری لە باشووری کوردستانیش کردبووەوە و یەک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی فێستیڤاڵی کوردستان فۆتۆ بوو کە لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
تەوەکولی جگە لە کاری فۆتۆگرافەری، چالاکێکی دیاری بواری کولتووری بوو لە سنە و چەندین جار بەهۆی بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکانی نەورۆزی سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو.


