رووداو دیجیتاڵ
پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لە کەرتی تایبەت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە رووبەڕووی چەوسانەوە و بێمافی دەبنەوە. نەبوونی گرێبەست، کەمیی مووچە و بێبەشبوون لە دەستبەری کۆمەڵایەتی، بەشێکی زۆر لەو دەرچووانەی هەراسان کردووە و باس لەوە دەکەن بە ئارەزووی خاوەنکارەکان دەردەکرێن و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.
دەرچوویەکی بەشی پزیشکیی گشتی لە سلێمانی، یەکێکە لەو کەسانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکات، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کێشەمان زۆرە. باس لەوە دەکرێت نابێت مووچە لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت، بەڵام زۆر لەوە کەمتر دەدرێت. گرێبەست هەر نییە. من لە شوێنێک کارم کردووە و دەرکراوم، کاتێکیش پرسیم هۆکار چییە، کەس وەڵامی نەدامەوە، دواتر دەرکەوت لەسەر بنەمای جەوی تاکەکەسی دەرکراوم و خزمێکی خۆیان لە شوێنەکەم داناوە."
ئەم کێشەیە تەنیا سلێمانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لە هەڵەبجەش کارمەندانی تەندروستی بەدەست هەمان گرفتەوە دەناڵێنن. شاناز ماجید، کارمەندی تەندروستی لە هەڵەبجە، بە رووداوی گوت: "لەبەر ئەوەی دەرچوو زۆرە، کێ بە کەمترین پارە کار بکات ئەوە وەردەگیرێت. گرێبەست نییە و دیار نییە کەی دەردەکرێیت."
سەندیکا: وەزارەتی تەندروستی کەمترخەمە
زیادبوونی سکاڵاکان وایکردووە سەندیکای کارمەندانی تەندروستی بێتە دەنگ. هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراویان بۆ تەندروستیی سلێمانی کردووە تاوەکو نەخۆشخانە، دەرمانخانە و نۆرینگە تایبەتەکان پابەند بکەن بە دەستبەرکردنی کارمەندەکانیان.
هاوژین عوسمان ئاماژەی بەوە کرد "کارمەندانی تەندروستی هۆشیار نین سەبارەت بە دەستبەری کۆمەڵایەتی و وا تێگەیێندراون تەنیا بۆ کرێکارە، بەڵام ئەوە مافی هەموو کەسێکە کە کار دەکات."
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکاکە، وەزارەتی تەندروستی بە کەمترخەم دەزانێت، چونکە ئەو ناوەندانە سەربە ئەوانن. ئەو باسی لە جۆرێکی دیکەی پێشێلکاری کرد و گوتی: "کارمەندی کچ هەبووە پەرستاری بەشی نەشتەرگەری بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی روخساری جوان بووە، خاوەن کارەکە داوای لێکردووە رێکلامیان بۆ بکات. ئێستا لەگەڵ وەزارەتی کار و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵ دەدەین هەمووان ناچار بکەین مافی کارمەند بدەن."
ئامارەکان و رێنماییەکان
بەپێی رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەمترین مووچەی کرێکارێکی ناکارامە نابێت لە 450 هەزار دینار کەمتر بێت و دەبێت دەستبەری کۆمەڵایەتیشی بۆ بکرێت، بەڵام ئەم رێنماییانە لە زۆرینەی ناوەندە تەندروستییە تایبەتەکان جێبەجێ ناکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان 778 پزیشک و هەزاران کارمەندی تەندروستی و دەرمانساز دانەمەزراون، ئەمەش وایکردووە کەرتی تایبەت ببێتە تاکە دەرچە بۆیان، بەڵام نەبوونی چاودێریی ورد وایکردووە زۆربەیان رووبەڕووی کارکردنی زۆر و مووچەی کەم ببنەوە.


