رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر سلێمانی و هەولێر، درۆنەکان لە ئاسمان پێکران و زیانی گیانییان نەبوو.
دەوروبەری کاژێر 1:00ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، دوو درۆن گەیێندرانە ئاسمانی سلێمانی. ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو گوتی، درۆنەکان زیانی گیانییان نەبووە و یەکێکیان لە ئاسمان تێکشکێنراوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.
ئەرکان عەلی گوتی، ئاگرەکە زوو کۆنترۆڵکراوە و زیانی نەبووە.
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە هاونیشتمانییان بۆ رووداویان ناردووە، درۆنەکان بە ئاسمانی ناحیەی پیرەمەگرووندا تێپەڕیون و گەیشتوونەتە سلێمانی، ناحیەکە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای شارەکە.
هەر بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، لە ئاسمانی شاری هەولێر، درۆنێک بە سیستمی بەرگریی (سیرام) تێکشکێنرا بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت.
ئەم هێرشانە لەکاتێکدان کە بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو؛ هێزەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا لە کشانەوەیەکی لەناکاوی 72 کاژێریدا، سەدان سەرباز و سیستمی سەرەکیی بەرگریی ئاسمانییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کشاندووەتەوە.
رووداو زانیویەتی، رۆژی شەممە، 1ـی ئابی 2026 ئەو باڵۆنەی لە ئاسمانی هەولێر دەبینرا، هێنراوەتە خوارەوە.
ئەو باڵۆنە بە ئینگلیزی پێی دەگوترێت (PSS-T)، کامێرای زۆر پێشکەوتووی چاودێریی شەو و رۆژی تێدایە، بە بازنەی 360 پلە بۆ مەودای نزیکەی 50 کیلۆمەتر دووریی دەبینێت و سەرچاوەی هەموو هێرشێک ئاشکرادەکات.
هێرشەکان لە مانگی تەممووزدا
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هێرشە درۆن و مووشەکییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، لە 31 رۆژدا و لە 1ـی تەممووز بۆ 31ـی تەممووز، هەرێمی کوردستان بە 88 درۆن و مووشەک هێرشیکراوەتە سەر، لە ئەنجامدا 10 کەس گیانیان لەدەستداوە و 15ـی دیکە برینداربوون.
بەگوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، لە مانگی حەوتدا بە 66 درۆن و دوو مووشەک هێرشکرایە سەر پارێزگای هەولێر؛ هەروەها پارێزگای سلێمانی بە 10 مووشەک و نۆ درۆن هێرشیکراوەتە سەر و پارچەی مووشەکێکیش لە هەڵەبجە کەوتە خوارەوە.
وردەکاریی تەواوی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان لە مانگی حەوتدا:
-31ـی تەممووز، بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر کەمپی ئازادی لە کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
-31ـی تەممووز، بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر سازمانی خەباتی کوردستان لە نزیک قەزای خەبات لە پارێزگای هەولێر.
-31ـی تەممووز، بە درۆنێک هێرشکرایە سەر بارەگایەکی سازمانی خەباتی کوردستان لە سنووری باشیک.
-28ـی تەممووز، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند، لە سنووری بالیسان لە پارێزگای هەولێر بە درۆنێک هێرشکراوەتە سەریان و زیانی گیانییان نەبووە.
-28ـی تەممووز هێرشێک کرایە سەر گوندی تەگەران لە نزیک سلێمانی، شایەتحاڵان بە رووداویان گوت، هێرشەکە بە سێ درۆن کراوە.
-28ـی تەممووز، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، بە پێنج درۆن هێرشکراوەتە سەریان لە دۆڵی ئالانە لە قەزای خەلیفان لە سنووری پارێزگای هەولێر.
-27ـی تەممووز بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کۆیە و دەوروبەری. دەزگای ئاسایش رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە.
-27ـی تەممووز، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) رایگەیاند، لە سنووری هەولێر بە چوار درۆن هێرشکراوەتە سەریان.
-25ـی تەممووز، درۆنێک لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنرا.
-24ـی تەممووز، بە پێنج درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر و لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە لە ئاسمان تێکشکێنران. دژەتیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانی نەبووە.
-22ـی تەممووز، چوار درۆن لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێنران، لایەنی فەرمی ئاشکرای نەکردووە مووشەک بووە یان درۆن.
-22ـی تەممووز کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان رایگەیاند، لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بە مووشەک هێرشیان کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا حەوت پێشمەرگەیان برینداربوون.
-22ـی تەممووز، تەنێک لە نزیک ماڵێک لە گوندی عەنەب لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کەوتە خوارەوە، دواتر راگەیێندرا مووشەک یان بەشێکی مووشەک بووە.
-21ـی تەممووز، شەش تەنی جیاواز لە ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنران.
-20ـی تەممووز، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.
-20ـی تەممووز، بە مووشەکێک بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرا.
-19ـی تەممووز، بە درۆنێک هێرشکرایە سەر کەمپێکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە هەولێر، بەرپرسێکی حیزبەکە بە رووداوی گوت، هەشت پێشمەرگەیان برینداربوون.
-19ـی تەممووز، بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر.
-19ـی تەممووز، دوو دەنگی بەرز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بیسترا، لایەنی پەیوەندیدار ئاشکرای نەکرد کە درۆن بووە یان مووشەک.
-17ـی تەممووز، دوو جار و بە دوو درۆن، ناوچەی تاسڵووجە لە سلێمانی بۆردوومانکرا.
-17ـی تەممووز، لە کاژێر 21:58 تاوەکو 22:06 بە پێنج درۆن هێرشکرایە سەر هەولێر. دژەتیرۆر رایگەیاند، هاوپەیمانان درۆنەکانیان لە ئاسمان تێکشکاند و زیانێکی گیانییان نەبووە.
-17ـی تەممووز، درۆنێک نزیک ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی کەوتە خوارەوە، جگە لە زیانی ژینگەیی، زیانی گیانی نەبوو.
-17ـی تەممووز بە مووشەکێک کەمپی سوورداش لە سنووری سلێمانی بۆردوومانکرا.
-17ـی تەممووز بە مووشەکێک کەمپەکانی ناحیەی سوورداش لە سلێمانی بۆردوومانکرا.
-17ـی تەممووز بە هەشت مووشەک هێرشکرایە سەر زڕگوێزەڵە لە سلێمانی و لە ئەنجامدا 10 پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران گیانیان لەدەستدا.
-17ـی تەممووز، بە هەشت درۆن هەولێر بۆردوومانکرا، دژەتیرۆر رایگەیاند، درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنراون و زیانیان نەبووە.
-15ـی تەممووز، بە هەشت درۆن هێرشکرایە سەر شاری هەولێر و درۆنەکان لەلایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنران. دژەتیرۆر رایگەیاند، زیانی گیانییان نەبووە.
-13ـی تەممووز، بە سێ درۆن هێرشکرایە سەر یەکێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری هەولێر.
-1ـی تەممووز، بە دوو درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دێگەڵە، لە سنووری پارێزگای هەولێر.
-1ـی تەممووز، بە درۆنێک ناوچەیەکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر بۆردوومانکرا. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە رووداوی گوت، ئەو شوێنەی درۆنەکەی لێکەوتووە ئاگر لە پووش و پاوانی کەوتووەتەوە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
مانگی شەش هەرێمی کوردستان بە 13 درۆن و دوو مووشەک بۆردوومانکرا. لەو ژمارەیە نۆ درۆن و دوو مووشەکی بۆ سەر سنووری هەولێر بوو، هەروەها بە دوو درۆن سنووری پارێزگای سلێمانی و بە دوو درۆنیش سنووری قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک کرایە ئامانج.
لە دەستپێکی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە تاوەکو ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 950 درۆن و مووشەک هێرشیکراوەتە سەر، بەهۆیەوە 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 154 کەسی دیکە برینداربوون.



