رووداو دیجیتاڵ
سبەی 12 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی کوردی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تاوەکو ئەمڕۆ 3 هەزار و 595 رفێندراو ئازاد کراون و زیاتر لە 2500 کەسیش چارەنووسیان نادیارە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، کە نووسینگەکەی سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ 2ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بە کۆی گشتیی نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی بەدەست تیرۆرستانی داعش شەهید کراون".
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەندکراون و پشتیان پێ بەستراوە، پێش هێرشی چەکدارانی داعش لە 03ـی ئابی 2014، ژمارەی ئێزیدییەکان لە شنگال و دەوروبەری نزیکەی 550 هەزار کەس بووە.
حوسێن قائیدی گوتی: "بەگوێرەی ئامارەکانمان، ئێستا 135 هەزار و 860 ئێزدی ئاوارەن و لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین. هەروەها 189 هەزار و 337 ئێزدی دیکە لە شارە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەژین".
لە دوای کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکانەوە تاوەکو ئەمڕۆ، لە شنگال و دەوروبەری 93 گۆڕی بەکۆمەڵ و چەند گۆڕێکی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی ئاماری نووسینگەکە، 296 تەرم لەو گۆڕانە دەرهێندراون و رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە، 41 مێ و 255 نێر بوون.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت: "چەندین گۆڕی دیکەی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هەڵنەدراونەتەوە".
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، کاتێک کە چەکدارانی داعش دەستیان گرتووە بەسەر شنگال و دەوروبەری، 68 مەزارگە و شوێنی پیرۆزی ئێزدییەکانیان تەقاندووەتەوە.
لە دەستپێکی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ شنگال و دەوروبەری لە ساڵی 2014دا، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، 3 هەزار و 548 نێر و 2 هەزار و 869 مێ.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش ئاماژەی بەوەکرد، لە دوای نەمانی داعشەوە، 3 هەزار و 595 کوردی ئێزدی رفێندراو ئازاد کراون، هەزار و 213 ژن، 339 پیاو؛ هەزار و 79 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ.
لە ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعشدا هاتووە، تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 526 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، هەزار و 215 مێ و هەزار و 311 نێر.



