رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سووریا بکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆببێتەوە.
سۆلین محەممەدئەمین پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە دیمەشق رایگەیاند؛ سبەی دووشەممە، 3ی ئابی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی دیمەشق دەکات و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا کۆدەبێتەوە.
لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، ئەمە یەکەمین سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە بۆ سووریا و بڕیارە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و دیمەشق و دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێ بکات.
ئەم سەردانەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ سووریا، دوای هەوڵی ناوبژیوانی و دەستپێشخەرییەکانی دێت بۆ کۆتاییهاتن بە شەڕ و پێکدادانەکان و بەردەوامی هێرشەکانی هێزەکانی سووریا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکانیدا هەمیشە جەخت لەسەر گرنگیی بەشداریکردنی کورد لە تەواوی دامەزراوە سیاسی، تەشریعی و کارگێڕییەکانی سووریای نوێ کردووەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەندینجار میواندارێتی مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و شاندەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریای کردووە.
بۆ یەکەمین جار نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا لە 11/4/2025 لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبوویەوە.
دووەمین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەحمەد شەرع لە 17/4/2026 لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئانتاڵیا بووە کە بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا؛ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان و رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ی لەگەڵ ئەحمەد شەرع تاوتوێ کردووە.



