رووداو دیجیتاڵ گەشتیارێکی عەرەب کە بۆ گەشتکردن لە بەغداوە هاتبووە هەڵەبجە، لەکاتی مەلەکردندا لە رووباری سیروان خنکا. دوای پێنج کاژێر گەڕان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی تەرمەکەیان دۆزییەوە. رووداوەکە ئەمڕۆ 02.08.2026، لە نزیک گوندی ئیمامی زامن لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە روویدا. گەشتیارەکە ناوی عەلی هاشمە و دانیشتووی شاری بەغدایە. زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، بە رووداوی راگەیاند: "دوای پێنج کاژێر لە گەڕان و هەوڵی تیمەکانمان و هاوکاریی خەڵکی خۆبەخش و تیمەکانی مەلەوانیی دەربەندیخان و سلێمانی، توانرا تەرمەکە بدۆزرێتەوە." گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە گوتیشی، "بەهۆی ئەوەی تەرمەکە زوو دۆزرایەوە، شێواوییەکی زۆری پێوە دیار نەبوو." دانیشتووان و خەڵکی خۆبەخشی ناوچەکە هاوکاریی تیمەکانی بەرگریی شارستانییان کردووە لە دۆزینەوەی تەرمی گەشتیارەکەدا و داوا دەکەن گەشتیاران ئاگاداریی خۆیان بن و نزیک ئاوی رووبارەکە نەکەونەوە. محەممەد حەسەن، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، بە رووداوی گوت: "وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی، ئێمە یارمەتیی هەموو کەسێک دەدەین. کاژێر 10 بۆ 11ی بەیانی ئاگادارکراینەوە کە کەسێک خنکاوە و لەو کاتەوە لەگەڵ تیمەکاندا خەریکی گەڕان بووین." بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، ئەمە سێیەم حاڵەتی خنکان بووە کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
کوردستان02-08-2026پاسەوانی سنووری ئێران باوک و کوڕێکی خەڵکی هەڵشۆیان دەستگیرکردووە و مەڕەکانیشیان بردوون