رووداو دیجیتاڵ
ماوەی 15 ساڵە دانیشتووانی گەڕەکی "ئازادیی نوێ" لە ناحیەی شەمامکی سەر بە پارێزگای هەولێر، بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە دەناڵێنن و دەڵێن، لە ژیانی نێو قوڕ و تەپوتۆز بێزاربوون.
گەڕەکی ئازادیی نوێ نزیکەی 1500 ماڵی تێدایە و لە ساڵی 2011ـەوە ئاوەدانکراوەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاوەڕۆی سندووقی بۆ رانەکێشراوە و کۆڵانەکانی قیرتاو نەکراون.
تاهیر عەبدوڵڵا، یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکەیە و گوتی: "لەوەتەی ئەم گەڕەکە دروستکراوە، ئێرە هەر بەمشێوەیە بووە و تاوەکو ئێستاش هەر ئاوا ماوەتەوە."
شیرین مەولوود، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکە، دەڵێت: "ئێمە لەم ژیانە بێزاربووین، ماندووبووین لەم تەپ و تۆزەی هاوینە."
دانیشتووانی گەڕەکەکە باس لەوە دەکەن کە چەندین جار داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە. هونەر کەماڵ، دانیشتووی گەڕەکەکەیە و دەڵێت: "چەندین جار لایەنی پەیوەندیدارمان ئاگادارکردووەتەوە و داوامان کردووە شەقامەکانمان بۆ قیرتاو بکەن، بەڵام کەس گوێمان لێ ناگرێت."
لە ناحیەی شەمامک، نەک تەنیا گەڕەکی ئازادیی نوێ، بەڵکو لە گەڕەکی "تەحجیل"ـیش زیاتر لە دوو ساڵە کارکردن لە پڕۆژەکانی قیرتاوکردن و راکێشانی ئاوەڕۆی سندووقی وەستاون.
گەیلان محەممەد، بەڕێوەبەری هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکان، بە رووداوی راگەیاند: "بەهۆی ئەوەی بەڵێندەرەکان پابەندی گرێبەستەکانیان نەبوون، بڕیارمانداوە هەردوو پڕۆژەکەیان لێوەربگرینەوە و خۆمان تەواویان بکەین."
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە گەڕەکی تەحجیل لە کۆی 20 هەزار مەتر دووجا شەقامی نێوخۆیی و 650 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی، تەنیا 38٪ـی کارەکانی پڕۆژەکە کراون. لە گەڕەکی ئازادیی نوێش، لە پڕۆژەیەکی 24 هەزار و 400 مەتر دووجایی قیرتاوکردن، تەنیا 25٪ـی کارەکان کراون و هەردوو پڕۆژەکە راگیراون.


