رووداو - دیجیتاڵ
شەو سێشەممە، لە گوندی "کەڵەکان" لە بناری چیای ئاسۆس، پیاوێکی تەمەن 52 ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی تەزووی کارەباوە گیانی لەدەستدا. ناوبراو فەرمانبەری فەرمانگەی کارەبای پشدەر بووە، بەڵام لە کاتی رووداوەکەدا لە ئەرکی فەرمیدا نەبووە.
راستی زوودی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، بە رووداوی راگەیاند: "تەرمی هاونیشتمانییەک بەناوی عومەر خدر گەیێندراوەتە بەشی فریاکەوتن؛ دوای پشکنینە پزیشکییەکان دەرکەوتووە کە ناوبراو بەهۆی بەرکەوتنی تەزوویەکی بەهێزی کارەباوە دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە."
عومەر خدر، تەمەنی 52 ساڵ بووە و دانیشتووی شاری قەڵادزێیە. ئەو پیشەی وەستای کارەبا بووە و فەرمانبەری فەرمانگەی کارەبای پشدەر بووە، بەڵام رووداوەکە لە گوندی (کەڵەکان)ـی بناری چیای ئاسۆس سەر بە قەزای دووکان و لە دەرەوەی کاتی دەوامی فەرمییدا بەسەری هاتووە.
تەرمی ناوبراو دوای تەواوبوونی رێکارە پزیشکییەکان، رادەستی کەسوکاری کراوەتەوە بۆ ئەوەی لە زێدی خۆی بەخاک بسپێردرێت.



