رووداو دیجیتاڵ
محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، گەورەترین هەڵەی ستراتیژی کە دەوڵەتی عێراقی لەدوای ساڵی 2003 بەرامبەر بە کەرکووک کردوویەتی، مادەی 140 بووە و بەهۆی ئەو جۆرە ماددانەوە دەنگیان بە دەستوور نەداوە.
ئەو گوتانەی پارێزگاری کەرکووک کە هاوکات سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقە لە چاوپێکەوتنێکیدا بوو لەگەڵ کەناڵی فەرمیی حکومەتی عێراق، کە شەوی 4ـی ئاب پەخشکرا.
لە بەرنامەکەدا نووسراوێک دەدرێتە دەست محەممەد سەمعان، کە بۆشاییەکی تێدایە بۆ ئەوەی پڕبکرێتەوە و نووسراوە، "گەورەترین هەڵەی ستراتیژیی دەوڵەتی عێراقی بەرامبەر بە کەرکووک چی بووە؟"
پارێزگاری کەرکووک لە وەڵامدا دەڵێت، "مادەی 140، ئەو مادەیە لە دەستووری عێراق دانرا، ئێمە کاتی خۆی وەک پێکهاتەی تورکمان ئەو دەستوورەمان رەتکردەوە، بەهۆی ئەو جۆرە ماددانەوە کە پێمانوابوو لە داهاتوو کێشە دروستدەکات و هەرواش بوو، ریفراندۆم کرا و لە دژی وەستاینەوە و هێزەکانی حکومەتی فیدراڵی دەستیانوەردا."
مادەی 140ـی دەستوور، تایبەتە بە چارەسەری کێشەی گۆڕینی دیمۆگرافیی ناوچە کوردستانییەکان لە رێگەی پڕۆسەی عەرەبکردن کە دەسەڵاتی پێشووی عێراق لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەستیپێکردبوو.
پارێزگاری کەرکووک لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت، "ئەمڕۆ هەموو پارێزگاکان عێراقین، هاووڵاتیی عێراقی بۆی هەیە لە هەر پارێزگایەک بژی."
مادەی 140 لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لە گشتپرسی عێراق دەنگی لەسەردرا، کە هەر سێ قۆناخی قەرەبوو، ئاساییکردنەوە و سەرژمێری دەگرێتەوە، دەبوو تاوەکو 31ـی کانوونی دووەمی 2007 ئەو مادەیە بەتەواوی جێبەجێبکرێت.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەبارەی ئەو لێدوانەی پارێزگای کەرکووکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هیچ سنوورێک ناتوانێت خاکێک لە خاوەنەکەی داببڕێت و مادەی 140 رێگەی گەڕانەوەی حەقە بۆ خاوەن حەق و چەسپاندنی دادوەری."
.jpg&w=3840&q=75)

