رووداو دیجیتاڵ مانگەکانی هاوین گەرمترین مانگەکانی ساڵن و پلەکانی گەرما لە هەولێری پایتەخت دەگەنە نزیکەی 48 پلەی سیلیزی، بەڵام ئەم گەرما تاقەتپڕووکێنە نەبووەتە رێگر لەبەردەم خواستی هاونیشتمانیان بۆ ژیانێکی تەندروست. لەگەڵ یەکەم تیشکی خۆر و لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانیانەوە، پارکی سامی عەبدولڕەحمان جمەی دێت لەو کەسانەی لە تەمەنە جیاوازەکاندا بە راکردن و پیاسەکردن وەرزشی جیاواز گرنگی بە تەندروستی و لایەنی جەستەیی خۆیان دەدەن. ئەگەرچی بەهۆی فێنکیی کەشوهەوا و نەبوونی تیشکی خۆر، شەوانە خەڵکێکی زۆر زیاتر روو لە پارک و شوێنە گشتییەکان دەکەن، بەڵام بەیانیانی پارکی سامی عەبدولڕەحمان تایبەتمەندی و جووڵەی جیاوازی خۆی هەیە. وەرزشڤانان بە پۆشاکی وەرزشییەوە و بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە، لەنێو سەوزایی پارکەکەدا بە وزەیەکی نوێوە رۆژەکەیان دەست پێدەکەن. "لە ساڵی 2011ـەوە دانەبڕاوم؛ وەرزش 19 کیلۆ لە کێشمی کەم کردەوە" تەڵعەت ئەکرەم، هاونیشتمانییەکی تەمەن 54 ساڵە، یەکێکە لەو وەرزشەوانە دێرینانەی کە زیاتر لە 15 ساڵە هەموو بەیانییەک لە پارکەکەدا دەبینرێت و بووەتە سیمایەکی ناسراوی ئەو شوێنە. ئەو لەبارەی ئەزموونی خۆیەوە و کاریگەریی وەرزش لەسەر ژیانی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2011ـەوە بە شێوەیەکی بەردەوام دێمە ئێرە و دانەبڕاوم. لە سەرەتادا کێشم زۆر بوو و بەدەست چەند کێشەیەکی تەندروستییەوە دەمناڵاند، بەڵام بەهۆی پابەندبوون بە وەرزشکردنەوە توانیم 18 بۆ 19 کیلۆگرام لە کێشم دابەزێنم. رۆژانە کاژێر 06:00ـی بەیانی دێمە پارک و تا نزیکەی کاژێر 08:00 بە راکردن و پیاسەکردن مەشقەکانم ئەنجام دەدەم؛ وەرزش کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیم هەبووە." تەڵعەت ئەکرەم، کە سەرەڕای گەرمای هاوین و سەرمای زستان، بەردەوامیی بە وەرزش داوە، نیگەرانە لەوەی کە ژمارەیەکی کەمتر لەوەی پێویستە سوود لەم دەرفەتە وەردەگرن و پێی وایە دەبێت خەڵکێکی زۆر زیاتر سوود لە پارکەکانی هەولێر وەربگرن: "هەولێر کە ئێستا ژمارەی دانیشتووانی بە نزیکەیی گەیشتووەتە دوو ملیۆن کەس و چەندین پارکی گەورە و جوانی تێدایە، دەبوایە رۆژانە 300 بۆ 400 هەزار کەس بەیانیان بۆ وەرزشکردن بهاتبانایە دەرەوە، بەجۆرێک کە جێگە نەما با بۆ وەرزشکردن. ئەم پارکە نیعمەتێکی گەورەیە و دەبێت باشترین سوودی لێ وەربگیرێت." پێگەیاندنی گەنجان بۆ ماراسۆنە نێودەوڵەتییەکان جگە لە وەرزشڤانی تاک، گرووپە وەرزشییە رێکخراوەکانیش رۆژانە بە بەرنامە مەشقەکانیان ئەنجام دەدەن. هۆلیا هەربووش، راهێنەرێکی گەنج و یاریزانێکی پیشەگەری ماراسۆنە، سەرپەرشتیی گرووپێکی گەنجان دەکات و لەبارەی کارەکانیانەوە بۆ رووداو گوت: "رۆژانە لە نێوان 20 بۆ 50 کەس دەبن، هەموو رۆژێک کاژێر 06:00ی بەیانی، بەبێ گوێدانە پلەکانی گەرما و کەشوهەوا، لە پارک ئامادە دەبین و مەشقەکانمان ئەنجام دەدەین. ئەندامانی گرووپەکە لە تەمەنی جیاواز پێکدێن کە لە 10 ساڵانەوە دەست پێدەکات تاوەکو 25 ساڵان، ئەمەش گرنگیدانێکی تایبەت بە پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێی وەرزشکار نیشان دەدات. ئامانجی سەرەکیی ئەم مەشقانە تەنیا راکردنێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئامادەکردنی ئەو گەنجانەیە بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتی و ماراسۆنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە رێگەی مەشقی زانستی و بەرزکردنەوەی توانای جەستەیی و ئاستی بەرگەگرتنیان." هۆلیا هەربووش، لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی ئاراستەی هەموو وەرزشەوانان و هاونیشتمانیان کرد و گوتی: "پێویستە ئێمە وەرزشکردن نەکەینە پاشکۆی کەشوهەوا و بەهۆی گەرما یان سەرماوە ساردنەبینەوە. دەبێت بەردەوامی بە چالاکییەکانمان بدەین و پابەند بین، چونکە وەرزش تەنیا چالاکییەکی جەستەیی نییە، بەڵکو بنەما و کۆڵەکەی سەرەکیی ژیانێکی تەندروستە."