رووداو دیجیتاڵ
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، ئەندامانی باندێکی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر دەستگیرکران.
رۆژی شەممە، 8ـی ئابی 2026، عەباس بەهادلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی سەلاحەدین بە هاوئاهەنگییەکی ئاستبەرز لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەولێر، گورزێکی کەمەرشکێنیان لە تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان وەشاند."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئۆپەراسیۆنەکە لە شاری هەولێر کراوە و لە ئەنجامدا: "سێ تۆمەتباری سەرەکی دەستگیرکران و بڕی 5 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری کریستاڵ دەستی بەسەردا گیرا."
بە گوتەی بەهادلی: "تۆمەتبارەکان لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەدا و دوای چاودێرییەکی وردی هەواڵگری دەستگیرکراون."
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق دەڵێت: "ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە سەلمێنەری یەکخستنی هەوڵەکانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بازرگانانی مادەی هۆشبەر."



.png&w=3840&q=75)