رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کرد و لە دیدارێکدا جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق لە قۆناغێکی زۆر باشدایە.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازیی لە هۆڵی ڤێیر، کونسوڵی نوێی بەریتانیا لە هەولێر کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، کونسوڵی نوێی بەریتانیا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی لە هەرێمی کوردستان نیشانداوە.
لە راگەیێندراوەکەی بارەگای بارزانیدا هاتووە: "کونسوڵی بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ بەردەوامی و گرنگیدانی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و سەرسامیی خۆی بە پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان نیشاندا."
سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی کونسوڵی نوێی بەریتانیا، هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانیدا بۆ خواستووە و ئامادەیی خۆیشی بۆ پشتیوانیکردنی ئەرکەکانی لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە.
دۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون. سەبارەت بەو پرسە، لەراگەیێندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی لە قۆناغێکی زۆر باشدایە و هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی باش لە نێوان هەردوولادا هەیە."
بارەگای بارزانی باسی لەوەشکردووە بارودۆخی سیاسی، دوا پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆک بارزانی و کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بوون.

