رووداو دیجیتاڵ
لە ناوچەی سووری ئامەدی باکووری کوردستان، سەمینارێک بۆ هۆشیارکردنەوەی هاونیشتمانییان لە مەترسییەکانی مادەی هۆشبەر لە چوارچێوەی هەڵمەتێک بەناوی (رابن) بەڕێوەچوو و تێیدا جەخت لە هەوڵەکان بۆ پاراستنی نەوەی نوێ و بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی کرایەوە.
لە گەڕەکی (کابێ) لە ناوچەی سوور، پلاتفۆرمی (شیار بە) بە دروشمی "خاوەنداری لە گەڕەکەکەت بکە و بڵێ نا بۆ مادە هۆشبەرەکان" سەمینارێکی بۆ دانیشتووانی ناوچەکە رێکخست. گوڵشەن دەمیر و مورات کان، گوتەبێژانی پلاتفۆرمەکە و عەدنان ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانیی ناوچەی سوور و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان ئامادەبوون.
گوڵشەن دەمیر، هاوگوتەبێژی پلاتفۆرمی (شیار بە) لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئامانجمان لەم هەنگاوە کە لە نیسانی 2025ـەوە رامانگەیاندووە، دروستکردنی هۆشیارییە لای هاونیشتمانییان لە شار، گەڕەک و گوندەکان بۆ پاراستنی منداڵ و گەنجانمان لەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەی رووبەڕوویان دەبنەوە."
گوڵشەن دەمیر ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری کرد و گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو بانگەوازەی لە 27ـی شوباتی 2025 کرا، ئێمە هەوڵ بۆ بنیاتنانی ژیانێکی دیموکراسی و ئاشتییەکی سەربەرزانە دەدەین. پێویستە هاونیشتمانییان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن و ببنە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان."
عەدنان ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانیی ناوچەی سوور، نیگەرانیی خۆی لە بوونی مادە هۆشبەرەکان لەنێو قوتابخانەکاندا دەربڕی و گوتی: "نامانەوێت داهاتووی گەنجەکانمان تاریک بکرێت و منداڵی 8 بۆ 9 ساڵ لەناو قوتابخانەکاندا تووشی ئەم دەردە بن. ئەمە تەنیا ئەرکی شارەوانی و خەڵک نییە، بەڵکو دەبێت پارێزگا، قایمقامییەت و هێزە ئەمنییەکانیش ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن."
هاوکات مورات کان، هاوگوتەبێژی پلاتفۆرمەکە باسی لەوە کرد کە لە 10 ساڵی رابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە لە رێگەی مادەی هۆشبەر، قومار و کاری نەشیاوی دیکەوە؛ گوتیشی: "ئامانج لەم هەوڵە خراپانە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکە کە لە ناسنامەی خۆی دابڕابێت."
مورات کان پێناسەیەکی نوێی بۆ چەمکی "خۆپاراستن" کرد و رایگەیاند: "خۆپاراستن تەنیا هەڵگرتنی چەک نییە، بەڵکو بریتییە لە هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و رێکخستنەوەی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای کولتوور، زمان و بەها ئەخلاقییەکانی خۆی. ئەگەر کۆمەڵگەیەک بتوانێت خۆی بەڕێوە ببات، ئەم نەخۆشییە کۆمەڵایەتییانە تێیدا بنبڕ دەبن."
لە سەمینارەکەدا داوا لە هەموو چین و توێژەکان کرا پشتگیریی هەڵمەتی "رابن" بکەن بۆ پاراستنی داهاتووی نەوەکانیان و رێگریکردن لە هەر جۆرە هەوڵێک کە زیان بە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەگەیەنێت.


