رووداو دیجیتاڵ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە جیا هەوڵێکیان بۆ لێکنزیککردنەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستپێکرد، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی نەبووە. کۆمەڵی دادگەریی کوردستان دەڵێت: "پەیامی بافڵ تاڵەبانیمان گەیاندووەتە کاک مەسعود." پارتیش رایگەیاندووە: "نایەوێت کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوەدا بکات."
رۆژی دووشەممە، 10ـی ئابی 2026، فەخرەدین قادر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێش کۆبوونەوەمان لەگەڵ پارتی، کاک بافڵ سەردانی مامۆستا عەلی باپیری کرد و ئێمەش لە سەردانەکەماندا بۆ لای کاک مەسعود بارزانی، پەیامەکەیمان گەیاند."
فەخرەدین قادر گوتی: "هەرچەندە ئێمە داوای کۆبوونەوەی لووتکەمان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە کۆدەبنەوە یان نا. ئێمە ئەرکی سەرشانمان جێبەجێکرد و پەیامی خۆمان لەبارەی دۆخەکە گەیاند و ئیدی چاوەڕێی ئەوانین."
پێش کۆبوونەوەکانی کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی، سەردانی هەردوولای کردبوو.
محەممەد هاودیانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و شاندەکەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "لە سەردانەکەماندا بۆ لای بافڵ تاڵەبانی، ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوە نیشاندا، دواتریش سەردانی کاک مەسعودمان کرد و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی فەرمیی پارتی دەکەین."
پارتی: ئامادەین بۆ هەر کۆبوونەوەیەک کە بەرژەوەندیی کوردستانی تێدابێت
هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: "پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی لە جەژنی قوربانی رابردوو، زۆر روون بوو، ئەوان بە ئاشکرا داوای یەکڕیزی و کۆبوونەوەی هاوبەشی سەرجەم حیزبەکان کرد."
هیوا گەیلانی گوتی: "هەر کۆبوونەوەیەک بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی تێدابێت، پارتی بەبێ دوودڵی قبووڵی دەکات."
شەممە، 8ـی ئابی 2026، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئێمە لە دوای هەڵبژاردنەوە هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە و بەردەوامین. بەپێویستی دەزانین ئەو ئاستەنگانەی لەسەر رێگەی پێکهێنانی کابینەکە و کاراکردنی پەرلەمان هەن، لایانبەرین."
گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد: "دەبێت ئەو متمانەیەی خەڵکی کوردستان بە لایەنەکانی داوە، بەتایبەتی پارتی، جێبەجێی بکەین. بۆیە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن."
سەبارەت بە کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەحموود محەممەد گوتی: "زۆر گرنگە کۆبوونەوەکانی داهاتوو ئەنجامیان هەبێت، نەک تەنیا کۆبوونەوە لەپێناو کۆبوونەوە بێت. دەبێت بە شتێکەوە بگەینە لای خەڵکی کوردستان و بە کردار جێبەجێی بکەین."



