رووداو ديجيتاڵ دۆسیەی زیاتر لە پێنج هەزار زیانلێکەوتووی شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرکووک تەواو بووە، بەڵام بە پاساوی نەبوونی نەختینە قەرەبوو نەکراونەتەوە. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: مامەڵەی زیاتر لە پێنج هەزار زیانلێکەوتووی شەڕی داعش و هەڵەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە کەرکووک ئامادەیە، بەڵام قەرەبوو نەکراونەتەوە. ئەحمەد کەرکووکی رایگەیاند، "دۆسیەی ئەو قەرەبوویانە بە کۆمەڵەی جیاواز دەنێردرێت بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەڵام بە پاساوی ئەوەی پارەی نەختینە نییە دەیانگەڕێنێتەوە و قەرەبووەکانیان بۆ خەرج ناکات". ئەو قەرەبووە پەیوەندیدارە بە موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەهۆی شەڕی داعش و ئۆپەراسیۆنە جەنگییەکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. دۆسیەی قەرەبووی کەرکووکیش لە ساڵی 2025ـەوە ئامادەیە. ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند، ئەو قەرەبووانە کورد و عەرەب و تورکمانی تێدایە و لەگەڵ نووسینگەی قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و پەرلەمانتارانی کەرکووک کار دەکەن بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە.