رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە 11ی ئابی 2026، رامین ساڵحزادە، مامۆستای ئایینی لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشەکانی بۆسەر کوردانی ئێزدی بڵاوکردەوە.
رامین ساڵحزادە دەڵێت، ئەو قسانەی لەسەر پەیجی ئینستاگرامەکەی دانرابوون، دەستکاریکراو بوون و ئەدمینی پەیجەکە بەشێک لە قسەکانی بڕیبوو.
ئەو مامۆستا ئایینییە دەڵێت، "من باسی ئەو ئێزدییانەم کردووە کە بێ رێزی بە خودا، ئیسلام و پێغەمبەری موسڵمانان دەکەن، نەک هەموویان. دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆمان بۆ خۆمان."
ساڵحزادە ئاماژەی بەوەش کرد، سەر بە هیچ لایەنێکی تووندڕۆ نییە و لایەنگری هیچ حیزبێک نییە، "جگە لە شەریعەتی ئیسلام، هیچ شتێکی دیکەم قبووڵ نییە."
رامین ساڵحزادە، پێشنوێژ و گوتاربێژی مزگەوتی گوندی ئەشتەراوای شاری بانەیە و لە گوتاری چەند رۆژێک لەمەوبەریدا سووکایەتی بە کوردانی ئێزدی کرد و هەڕەشەی کوشتن و سڕینەوەی لێ کردن.
مەلا رامین هاوکات لە بانە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی ماتۆڕسکیل دەکات. قسەکانی ئەو مامۆستا ئایینیە کاردانەوەیان بەدوادا هات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو کردارە دوورە لە هەموو بەهایەکی ئاینی و مرۆڤایەتی." نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە "کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان رەگی مێژوویی هەیە."
هەروەها موراد ئیسماعیل حەسەن، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد رێکاری دیپلۆماسی و یاسایی بەرامبەر ئەو مامۆستا ئاینییە بگرێتەبەر و لە رێگەی ئێرانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێ.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستانیش رایگەیاند: "ئەو جۆرە وتارانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن."
هاوکات مامۆستا حەسەن ئەمینی، حاکمی شەرعیی خەڵکی کوردستان لە سنەوە میوانی بووڵتەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی گوتەکانی مەلا رامین ساڵحزادە رایگەیاند: "گوتەکانی ئەو مامۆستایە تەنیا بیروبۆچوونی خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی مامۆستایانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، تەنانەت بۆچوونی ئایینی ئیسلامیش نییە، لەبەر ئەوەی لە دینی ئیسلامدا شەڕ لەگەڵ بیروباوەڕدا نییە، بەڵکو شەڕ لەگەڵ ستەم و گەندەڵییە."
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆکەش بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی، هاونیشتمانییان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە تووندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی ئەو مامۆستا ئاینییەیان کرد و بە درووستکردنی دووبەرەکی و دژایەتیکردنی کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستانیان ناوبرد.




