رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، بەرپرسانی ئێران لە دوایین سەردانیدا بۆ تاران، پێیان راگەیاندووە کە ئامادەن بۆ پرسی قۆرخکردنی چەک (کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە) هاوکاریی سەرۆکوەزیرانی عێراق بکەن.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، "پێویستە چەک تەنیا لەژێر دەستی دەوڵەت و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بێت کە سەرۆکوەزیرانی عێراقە."
نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو کێشانەی هەمانە، کاتێک سەرهەڵدەدەن کە هەموومان پێکەوە لە یەک کەشتیدا نین. لە کاتێکدا هەموومان پێکەوەین؛ چ لە بەغدا، چ لە بەسرە، چ لە زاخۆ و چ لە دهۆک."
سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ئێران، نێچیرڤان بارزانی گوتی، "لەسەر داوای بەڕێز سەرۆکوەزیران، لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی قسەمان لەسەر ئەو بابەتە کرد. زۆر راشکاوانە دەڵێم، ئەوەی لە بەرپرسانی ئێرانییەوە گوێم لێبوو، گوتیان: 'ئەم پەیامە بگەیێننە بەڕێز سەرۆکوەزیران کە ئێمە ئامادەین بۆ هاوکاریی بەڕێزیان لەم بابەتەدا'."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم پەیڤانەی لە هەڤپەیڤینێکدا کردووە کە ئەمشەو لە تەلەڤزیۆنی شەرقییە بڵاودەبێتەوە، روونیکردەوە، لە بەرپرسە ئێرانییەکانی پرسیوە ئایا ئەمە هەڵوێستی فەرمییانە و ئەوانیش گوتوویانە "بەڵێ". نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، بەرپرسانی ئێرانی کە دۆسیەی عێراقیان لەدەستە، جەختیان کردووەتەوە کە "ئەگەر ئامانج هاوکاریکردنی وڵاتێکی دراوسێ بێت، ئێمە ئامادەین بۆی."
نێچیرڤان بارزانی، پێیوایە سەقامگیریی عێراق لە بەرژەوەندیی ئێرانیشە و گوتی، "بەرژەوەندیی ئێران لە عێراقدا چییە؟ بازرگانی پێوە بکات، کارەبا و گازی پێ بفرۆشێت، ساڵانە 15 ملیار دۆلار کاسبی بکات."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پرسیارێکی ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان کرد و گوتی، "دەبێت لە خۆیان بپرسن، چ قازانجێکیان بۆ عێراق هەبووە؟ تەنانەت ئەو درۆنانەی بەکاریان هێناون؛ کاتێک بە عەقڵانییەت بیر دەکەینەوە، ئەو ئامانجە گەورەیە چی بووە کە پێی گەیشتوون؟".


