رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی زانایانی ئایینیی شاری بانە لە راگەیێندراوێکدا، بە تووندی سەرکۆنەی سووکایەتیکردن بە کوردانی ئێزدی دەکەن کە لەلایەن مامۆستایەکی ئایینییەوە لە یەکێک لە گوندەکانی ئەو شارە کرابوو؛ دەڵێن: "شوێنی مینبەر بۆ یەکگرتوویی و برایەتییە، نەک دووبەرەکی و بێڕێزیکردن."
لە راگەیێندراوەکەی زانایانی ئایینیی بانەدا، کە رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە، ئەوان بە تووندی ئەو قسە و وتە "سووکایەتیکەر و دووبەرەکی خوازانە" سەرکۆنە دەکەن کە لە گوتارێکی نوێژی هەینیدا لە یەکێک لە گوندەکانی بانە، بەرامبەر بە کوردانی ئێزدیی هەرێمی کوردستان گوترابوون.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، مامۆستایەکی ئایینی بەناوی رامین ساڵحزادە، بە کوردانی ئێزدی دەڵێت: "ئێمە ئێوە بە کافر دەزانین، ئێمە ئێوە بە گڵاو دەزانین، ئێمە ئێوە بە داوێنپیس دەزانین."
ئەو مامۆستا ئایینییە، کە گوتارخوێنی مزگەوتێکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەشڵێت: "بە وەڵڵاهی، بچووکترین هەلمان بۆ هەڵکەوێت، نایەڵین یەک چرکە لەسەر ئەم زەوییە بژین، ئەم گوتارە دینی ئێمەیە. نە لە کەسی دەشارینەوە و نە خۆمانی لێ دەشارینەوە."
مامۆستایانی ئایینیی بانە جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت رێز و کەرامەتی هەموو مرۆڤەکان و پەیڕەوانی هەموو ئایین و مەزهەبەکان پارێزراو بێت، ئاماژە بەوەش دەکەن: "شوێنی مینبەر و وتار، شوێنی بانگەوازکردنە بۆ تەقوا، ئەخلاق و یەکگرتوویی؛ هەر قسەیەک ببێتە هۆی دروستکردنی رق و دوژمنایەتی، لەگەڵ ئەرکی ئەخلاقی و ئایینیی مینبەردا ناگونجێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کوردانی ئێزدی بەشێکی دانەبڕاون لە مێژوو و کۆمەڵگەی کوردستان و دەڵێن: "جیاوازی لە باوەڕە ئایینییەکاندا، هەرگیز مۆڵەت نییە بۆ سووکایەتی و هێرشکردنە سەر ناسنامەی نەتەوەیی و مرۆیی هیچ گرووپێک."
زانایانی ئایینیی بانە داوا لە مامۆستایانی ئایینی و خاوەن مینبەرەکان دەکەن لەم بارودۆخە هەستیارەدا، زمانی "دانایی، ئەخلاق و گفتوگۆ" بەکاربهێنن و دووربکەونەوە لە هەر وتەیەک کە پەیوەندییە برایانەکانی نێوان خەڵکی کوردستان تێکبدات.
هەروەها روو لە خەڵکی کوردستان دەڵێن: "داوا دەکەین بە ئارامی و هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن و رێگە نەدەن قسەی تاکەکەسێکی بێپەروا، پەیوەندییە کۆن و بەهێزەکانی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان بخاتە ژێر کاریگەریی خۆی."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، کۆمەڵەی زانایانی ئایینیی بانە جارێکی دیکە جەختیان لەسەر بنەماکانی کەرامەتی مرۆیی و ژیانی هاوبەشی ئاشتییانە کردووەتەوە و هیوایان خواستووە هەموو خاوەن پێگە ئایینییەکان لەپێناو بەهێزکردنی ئاشتی و برایەتیدا هەنگاو بنێن.
مەلایەکە: دەستکاریی قسەکانم کراوە
رۆژی سێشەممە، 11ـی ئابی 2026، رامین ساڵحزادە، مامۆستای ئایینی لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام روونکردنەوەیەکی لەبارەی هێرشەکانی بۆ سەر کوردانی ئێزدی بڵاوکردەوە.
رامین ساڵحزادە دەڵێت، ئەو قسانەی لەسەر پەیجی ئینستاگرامەکەی دانرابوون، دەستکاریکراو بوون و ئەدمینی پەیجەکە بەشێک لە قسەکانی بڕیبوو.
ئەو مامۆستا ئایینییە دەڵێت: "من باسی ئەو ئێزدییانەم کردووە کە بێ رێزی بە خودا، ئیسلام و پێغەمبەری موسڵمانان دەکەن، نەک هەموویان. دینی خۆتان بۆ خۆتان و دینی خۆمان بۆ خۆمان."
ساڵحزادە ئاماژەی بەوەش کرد، سەر بە هیچ لایەنێکی تووندڕۆ نییە و لایەنگری هیچ حیزبێک نییە، "جگە لە شەریعەتی ئیسلام، هیچ شتێکی دیکەم قبووڵ نییە."
قسەکانی ئەو مامۆستا ئایینییە کاردانەوەیان بەدوادا هات.
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو کردارە دوورە لە هەموو بەهایەکی ئایینی و مرۆڤایەتی." نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتەکە جەختی لەوە کردەوە کە "کولتووری پێکەوەژیان لە کوردستان رەگی مێژوویی هەیە."
هەروەها موراد ئیسماعیل حەسەن، پەرلەمانتاری ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق، لە نووسراوێکی فەرمیدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق کرد رێکاری دیپلۆماسی و یاسایی بەرامبەر ئەو مامۆستا ئایینییە بگرێتەبەر و لە رێگەی ئێرانەوە لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی لە کوردستانیش رایگەیاند: "ئەو جۆرە وتارانە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستانەوە نییە و زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن."
هاوکات مامۆستا حەسەن ئەمینی، حاکمی شەرعیی خەڵکی کوردستان لە سنەوە میوانی بووڵتەنی تایبەت بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی گوتەکانی مەلا رامین ساڵحزادە رایگەیاند: "گوتەکانی ئەو مامۆستایە تەنیا بیروبۆچوونی خۆیەتی و بە هیچ شێوەیەک بۆچوونی مامۆستایانی ئایینیی رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، تەنانەت بۆچوونی ئایینی ئیسلامیش نییە، لەبەر ئەوەی لە دینی ئیسلامدا شەڕ لەگەڵ بیروباوەڕدا نییە، بەڵکو شەڕ لەگەڵ ستەم و گەندەڵییە."




