رووداو - دیجیتاڵ
ئارتێش حەسەن، کە بۆ 10 ساڵ شەڕڤانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوو و شەڕی داعشی کردبوو، دوای ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆسەی "تێکەڵکردنەوە"دا چووە ناو سوپای سووریا، لە هێرشێکی چەکداریدا لە باشووری قامیشلۆ کوژرا. خوشکەکەی ئارتێش کە فەرمانبەری ساردکەرەوەی تەرمەکانە، خۆی تەرمی براکەی وەرگرتەوە.
ئارتێش حەسەن، دوای ئەوەی 20 خولی راهێنانی لە دیمەشق بینی، پەیوەندی بە "فیرقەی کورد"ـی سەر بە سوپای سووریاوە کرد، بەڵام لە 11ـی ئەم مانگەدا لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی شاهین سلێمان گیانیان لەدەستدا.
سەمیرا حەسەن، خوشکی ئارتێش کە لە بەشی پاراستنی تەرمی شەهیدانی هەسەدە کار دەکات، چیرۆکی وەرگرتنەوەی تەرمی براکەی بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "تەلەفۆنم بۆ کرا و گوتیان وەرە دوو میوانی نوێمان بۆ هاتووە. کاتێک چووم، بینیم میوانەکان زۆر ئازیزن؛ ئارتێشی برام و هاوڕێکەی بوون."
سەمیرا باس لە دوایین ساتەکانی بینینی براکەی دەکات و دەڵێت: "ئارتێش چەندین ساڵ بوو لە ناو شەڕدا بوو و دەچوو و دەگەڕایەوە ئەمجارەیان کاتێک رۆیشت، دەستی بۆ بەرزکردمەوە؛ وەک ئەوەی بزانێت ئەمە رێگەی رۆیشتن و نەگەڕانەوەیە."
"پەشیمان نین" خێزانی ئارتێش دەڵێن ئەمە سێیەمین شەهیدی بنەماڵەکەیانە. سەمیرا دەڵێت: "ئێمە پەشیمان نین، چونکە بۆ خاک و گەلێکی ئازاد تێدەکۆشین، تەنیا ئەوەمان لا ناخۆشە کە ئەمە خیانەت بوو."
رووداوەکە لە ناوچەی "تەویل حەرب" روویداوە کە ناوچەیەکی عەرەبنشینە و 25 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری قامیشلۆ. لەوێ خاڵێکی سەربازیی "لیوای قامیشلۆ"ی کوردی هەیە کە سەر بە فیرقەی 60ـی وەزارەتی بەرگریی سووریایە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، هێرشەکە لەلایەن "کەسانی نەناسراوەوە" ئەنجامدراوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکە دەستپێکردووە.
پوختەی هەواڵەکە:
- قوربانی: ئارتێش حەسەن (شەڕڤانی پێشووی هەسەدە و سەربازی ئێستای سوپای سووریا).
- شوێن: تەویل حەرب - باشووری قامیشلۆ.
- بارودۆخ: هێرش بۆ سەر خاڵێکی سەربازیی فیرقەی 60ـی سوپای سووریا.
- هەڵوێستی خێزان: سێیەمین شەهیدی بنەماڵەکەیانە و خوشکەکەی لە پزیشکی دادوەری تەرمەکەی وەرگرتووەتەوە.


