رووداو - دیجیتاڵ لە گەڕەکی مەشیرفەی باکووری رۆژئاوای موسڵ، زیاتر لە هەزار خێزان رووبەڕووی چارەنووسێکی نادیار بوونەتەوە؛ ئەو زەوییانەی 14 ساڵ پێش ئێستا بە شێوەی یاسایی کڕیویانە، ئێستا مەترسیی زەوتکردنیان لەسەرە. کێشەکە لە نێوان کۆمەڵەیەکی وەرزشی و خاوەنە ڕەسەنەکانی زەوییەکەدایە و هاونیشتمانییانی کەمدەرامەتیش بوونەتە قوربانیی سەرەکی. ساڵی 2012، ئەم خێزانانە زەوییەکانیان لە "کۆمەڵەی وەرزشوانانی نەینەوا" بە مەرجی تاپۆکردن کڕیوە، بەڵام ئێستا نەک بەناویان ناکرێت، بەڵکو بڕیاری لێسەندنەوەشیان بۆ دەرچووە. ئەسیر حوسێن، یەکێک لە کڕیاران بە رووداوی راگەیاند: "کەسێک لە بەغداوە هاتووە و دەڵێ زەوییەکە هی منە و نەمفرۆشتووە بە کۆمەڵەی وەرزشوانان. دواتر بۆمان دەرکەوت کۆمەڵەکە پارەی تەواوی بە خاوەن زەوییە رەسەنەکان نەداوە، ئێمەش لێرەدا بووینەتە قوربانی." چیرۆکی مەعن؛ لە نێوان کرێچێتی و زەوییەکی بێ تاپۆدا لەنێو گردبوونەوەی ناڕەزایی خەڵکەکەدا، مەعن ئیبراهیم بە جلوبەرگی کرێکارییەوە دەردەکەوێت. ئەو تەنیا بۆ رزگاربوون لە باری قورسی کرێچییەتی، هەموو دار و نەداری فرۆشتووە تا پارچە زەوییەک بکڕێت. مەعن دەڵێت: "زێڕی هاوژینەکەم و هەرچیم هەبوو فرۆشتم، هەندێکیشم قەرز کرد تا ئەو زەوییەم کڕی، کەچی شەش ساڵە نە بەناومان دەکرێت و نە دەتوانین خانووی لەسەر بکەین." ئەم زەوییانە کاتی خۆی وەک زەوی کشتوکاڵی بە 8 ملیۆن دینار فرۆشرابوون، بەڵام ئێستا کە خزمەتگوزارییان بۆ چووە، نرخی هەر پارچەیەک بۆ 50 ملیۆن دینار بەرزبووەتەوە، ئەمەش ململانێی خاوەندارێتییەکەی توندتر کردووە. ئەنجوومەنی پارێزگا دێتە سەر هێڵ بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشەیە، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرۆکی کۆمەڵەی وەرزشوانانی بانگهێشت کردووە. دکتۆر ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە رووداوی گوت: "ئێمە داوامان لە سەرۆکی کۆمەڵەی وەرزشوانان کردووە بێتە ئەنجوومەن تاوەکو بابەتەکە چارەسەر بکەین، چونکە بەپێی بەڵگەکان، بەرپرسیارێتیی بەناوکردنی زەوییەکان لە ئەستۆی ئەواندایە." کورتەی کێشەکە لە ساڵی 2012وە تاوەکو ئێستا: - 2012: کۆمەڵەی وەرزشوانان 80 دۆنم زەوی کشتوکاڵی دابەشکرد و بە هەزار خێزانی فرۆشت. - 2014: بەهۆی هاتنی داعش، رێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی (تەحویل) لە فەرمانگەکان وەستا. - 2017: دوای رزگارکردنی موسڵ، بە بیانووی لەناوچوونی بەڵگەنامەکان دەستی دەستی بە خەڵکەکە کرا. - 2020: خاوەنی رەسەنی زەوییەکان دەرکەوت و رایگەیاند کە کۆمەڵەکە پارەی تەواو زەوییەکەیان پێنەداوە. ئێستا دۆسیەکە لە دادگاکانی نەینەوا و بەغدا پەڕاوی بۆ کراوەتەوە، بەڵام تاوەکو کێشەی نێوان کۆمەڵەکە و خاوەنە کۆنەکان یەکلایی نەبێتەوە، چارەنووسی ئەم هەزار خێزانە لە تونێلێکی نادیاردا دەمێنێتەوە.