رووداو دیجیتاڵ
عومەر حوسری، سەرۆکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانیی سڤیل و گواستنەوەی ئاسمانی سووریا، بە رووداوی راگەیاند، پێشکەوتنی بەرچاو لە کارەکانی نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەکارییەکانی فڕۆکەخانەی قامشلۆ بەدەستهاتووە و نزیکەی 80٪ـی کارەکان تەواو بوون.
حوسری لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو روونیکردەوە کە ئێستا سەرقاڵی تەواوکردنی وردەکارییە تەکنیکییەکان و کارە ماوەکانن و گوتی: "ئەم کارانە ژێرخان، ئامادەکاری و سیستمە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ئاسایش، پاراستن و کارپێکردنی فڕۆکەخانە لەخۆدەگرن."
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی گەشتەکان، حوسری باسی لەوە کرد، قۆناخی گەشتە تاقیکارییەکان دوای تەواوکردنی کارەکانی ئێستا و ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنە تەکنیکییە پێویستەکان دەستپێدەکات، بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی کە فڕۆکەخانەکە بەپێی ستانداردە پەسندکراوەکان ئامادەیە.
سەرۆکی دەستەکە گوتی: "ئێمە نەخشەڕێیەکی کاتیی روونمان هەیە، بەڵام دەمانەوێ راگەیاندنی کاتی دەستپێکردنی گەشتەکان بە ئەنجامە کردەییەکانی ئامادەکارییە تەکنیکییەکانەوە گرێ بدەین."
حوسری جەختی لەوە کردەوە: "بۆ ئێمە گرنگترین شت ئەوەیە کە فڕۆکەخانەکە بە شێوەیەکی سەلامەت، ئارام و گونجاو بۆ گەشتە ئاسایی و رێکخراوەکان، دەست بە خزمەتگوزارییەکانی بکاتەوە."
هاوئاهەنگیی گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان قامشلۆ و دێرەزوور
سەبارەت بە هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دێرەزوور، حوسری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان لە چوارچێوەی پلانی گشتیی تۆڕی فڕۆکەخانەکاندا مامەڵە لەگەڵ هەردووکیان دەکەن و پێداویستی و داواکارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات، کە بازاڕێکی گرنگە بۆ گەشتەکان، لەبەرچاو دەگرن.
حوسری بە رووداوی گوت: "دەمانەوێ توانای هەردوو فڕۆکەخانەکە بەپێی داواکارییە کردەییەکان پەرەپێبدەین، بۆ ئەوەی دابەشکردنی گەشت و رێڕەوەکان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو و ئابوورییانە بکرێ."
هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی، رەنگە لە داهاتوودا رۆڵی هەردوو فڕۆکەخانەکە لە بواری گواستنەوەی بار و خزمەتگوزارییە لۆجستییەکانیشدا پەرەی پێبدرێ، بەتایبەتی بەهۆی چالاکییە کشتوکاڵی و ئابوورییەکانی ناوچەی رۆژهەڵات. بەڵام ئەمە بەندە بە قەبارەی بازاڕ و قازانجی ئابوورییەوە.
گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گرنگیی بەردەوامبوون
سەبارەت بە هێڵە ئاسمانییەکان و ئەو گەشتانەی دوای کردنەوەی فڕۆکەخانەکە چاوەڕێ دەکرێن، حوسری ئاشکرای کرد کە ئەوان لە پەیوەندیدان لەگەڵ چەندین کۆمپانیای فڕۆکەوانی بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر دەستپێکردنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی قامشلۆ بکەن؛ هەروەها لێکۆڵینەوە لەو بازاڕانە دەکەن کە خواستێکی راستەقینە و بەردەوامیان لەسەرە.
حوسری نەیویست پێش کۆتاییهاتنی کارە بازرگانی و یاساییەکان و وەرگرتنی مۆڵەتە فەرمییەکان ناوی کۆمپانیا و گەشتەکان ئاشکرا بکات، بەڵام روونیکردەوە کە ئەوان لە سەرەتادا بایەخ بەو گەشتانە دەدەن کە پێداویستییەکانی دانیشتووانی پارێزگای حەسەکە و ناوچەکانی دەوروبەری دابین دەکەن، دواتریش گەشتەکان قۆناخ بە قۆناخ بەپێی رەوشی بازاڕ فراوانتر دەکرێن.
سەرۆکی دەستەی گشتیی فڕۆکەوانی گوتی: "ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە کە کارکردنێکی بەردەوام و هەمیشەیی بۆ فڕۆکەخانەکە دابمەزرێنین، نەوەک تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت چەند هێڵێک بکەینەوە. لەبەرئەوە، فراوانکردنی گەشتەکان لەسەر بنەمای خواست، قازانجی ئابووری و توانای کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن گەشتی رێکخراو و هەمیشەیی بپارێزن."


.jpeg&w=3840&q=75)
