رووداو دیجیتاڵ
هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن، قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان، لە خوولەکانی هاوینەدا خۆیان بۆ ساڵی نوێی خوێندن ئامادە دەکەن. ئەوان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی مامۆستا و کەمیی گرنگیپێدان لە قوتابخانە حکومییەکان، ناچارن بە پارەیەکی زۆر لە پەیمانگە و خولە تایبەتەکاندا درێژە بە خوێندن بدەن.
پێش دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابیانی پۆلی 12 دەیانەوێت بەشێک لە وانەکانیان بخوێنن. مەنسوور مالیک، یەکێک لەو قوتابیانەیە بە رووداوی گوت: "ئەم ساڵ دەبینە پۆلی 12، بۆیە هاتووینەتە ئەم خولانە بۆ ئەوەی وانەکان بخوێنین و لە کۆتاییدا کێشەمان بۆ دروست نەبێت."
تێچووی خوولەکانی هاوینە بۆ قوتابیانی پۆلی 12 بەپێی شوێن و جۆری وانەکان دەگۆڕێت، بەجۆرێک بۆ هەر وانەیەک لەنێوان 100 بۆ 250 هەزار دینار لە قوتابیان وەردەگیرێت.
سادە دێدەوان، قوتابییەکی دیکەیە و دەڵێت: "ساڵانی رابردوو مامۆستای تەواوی وانەکانمان نەبووە، بۆیە هاتوومەتە ئەم خوولانە تاوەکو بۆ پۆلی 12 کێشەی وانەکانمان نەبێت، چونکە لە قوتابخانە حکومییەکان زۆر گرنگیمان پێ نادرێت."
تاوەکو ئێستا وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هیچ رێنماییەکی بۆ یەکخستنی نرخی وانەگوتنەوە لە خوولەکاندا دەرنەکردووە. مامۆستایان بەپێی وانەکان نرخ دیاری دەکەن و بۆ هەندێک وانەی تایبەت نرخەکان تاوەکو 10 ملیۆن دیناریش دەڕوات.
دلگەش تەڵعەت، مامۆستای کیمیا، باس لەوە دەکات کە نرخەکان بەپێی رێککەوتنە و دەڵێت: "هەندێک قوتابی پێکەوە رێکدەکەون و پارەکە دابین دەکەن، هەندێکجاریش خێزانەکان خۆیان پارەکە دەدەن. نرخەکان لە 3، 4 و 6 ملیۆنەوە دەستپێدەکات تاوەکو 10 ملیۆن دینار."
بەشێک لەو مامۆستایانەی لە خولە تایبەتەکان وانە دەڵێنەوە، هەمان ئەو مامۆستایانەن کە لە قوتابخانە حکومییەکانیش وانە دەڵێنەوە.
عەبدولقادر سادق، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، هۆکاری سەرەکیی جیاوازیی نێوان خولی تایبەت و قوتابخانەی حکومی بۆ نەبوونی "هۆکارەکانی فێرکردن" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "کێشە و کەموکوڕی زۆرن، بۆ نموونە داتاشۆ و سمارت بۆرد نییە. لە پۆلێکدا 40 قوتابی دادەنیشن و ناتوانین وەک پێویست وەڵامی پرسیاری هەموویان بدەینەوە."
خولەکانی بەهێزکردنی ئاستی خوێندن بۆ قوتابیانی پۆلی 12ی ئامادەیی، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن بەردەوام دەبن.


