رووداو - ئەنقەرە
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێ، بە پەسندکردنی یاسای تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا، پرۆسەکە بە تەواوی چووە نێو قۆناخێکی فەرمییەوە و ئێستا ئامادەکارییەکان بەرەو هەنگاوێکی دیکەی کردەیی هەنگاو دەنێن.
باکرهان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، چاوەڕوان دەکرێ تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول یان تشرینی یەکەم سەرجەم رێکارە یاساییەکان تەواو بن و ئیدی یاساکە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوەوە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، بۆ بەڕێوەچوونی دروستی ئەم قۆناخە، پێویستە مەرجەکانی کارکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێکبخرێنەوە بە جۆرێک کە بتوانێت بە شێوەیەکی چالاکانە لە نێو پرۆسەی دانوستاندندا بێت. باکرهان هۆشداری دەدات کە بەبێ بەشداریی کارای ئۆجەلان، هێزەکانی شاخ و ئەورووپا ئامادە نابن چەکەکانیان دابنێن و بگەڕێنەوە باکووری کوردستان و تورکیا.
هەڤپەیڤین لەگەڵ تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی
رووداو: سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایەی بۆ پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا ئامادەکراوە، چ خشتەیەکی کاتی پێشبینی دەکرێ؟ یەکێک لەو مژارانەی رای گشتی زۆرترین مەبەستیەتی ئاگادار بێ گەڕانەوەی ئەندامانی پەکەکەیە. ئەگەر پرۆسەکە بەم شێوەیە بڕوات، ئەگەری هەیە یەکەم گەڕانەوە کەی دەستپێبکات؟
تونجەر باکرهان: پرۆسەکە ئیدی لە چوارچێوەیەکی فەرمیدا بەڕێوەدەچێ. بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، ئەو کۆمیسیۆنەی لە یاساکەدا باسی کرابوو، بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری سەرۆککۆمار دامەزرا. ئێستا قۆناخێکی گرنگی دیکە هەیە، ئەویش بڕیاری (پشتڕاستکردنەوە-دەستنیشانکردن) لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. کە بڕیارەکە لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە، یاساکە بە تەواوی دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوە لە ئێستاوە دروست نییە. قسەکردن لەسەر خشتەی کاتیی پرۆسەیەکی وەها هەستیار بە پێدانی رۆژ و رێککەوت کارێکی قورسە، بەڵام هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە لە کۆتایی ئەیلوول یان لە مانگی تشرینی یەکەمدا ئەم قۆناخە فەرمییانە تەواو دەبن و یاساکە جێبەجێ دەکرێ. وەڵامی ئەو پرسیارەی هەمووان مەبەستیانە کە "کەی یەکەم گەڕانەوە دەستپێدەکات" بەستراوەتەوە بەم خشتەی کاتەوە.
لێرەدا دەمەوێ جەخت لە خاڵێک بکەمەوە: بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە بە دروستی بەڕێوەبچێ و گەڕانەوەکە ئارام و رێکخراو بێ، پێویستە بەڕێز ئۆجەلان بە شێوەیەکی چالاکانە لەنێو پرۆسەکەدا بێت. ئەمە تەنیا ئێمە نایڵێین. بەرپرسانی پەکەکەی هەڵوەشێندراوەش هەمان راستی بە پێداگرییەوە دووبارە دەکەنەوە و دەڵێن ئۆجەلان لەنێو پرۆسەکەدا نەبێ، ناتوانن بانگەواز بۆ هیچ هەڤاڵێکیان بکەن کە چەک دابنێ و بگەڕێتەوە. هەموو ئەو کەسانەی پەیوەندی نێوان پەکەکە و ئۆجەلان دەزانن، ئاگادارن کە ئەمە تەنیا بۆ قسەکردن ناگوترێ.
کێشەکە ئەوەیە، بەڕێز ئۆجەلان ئەمڕۆ لە دۆخێکی زۆر سنوورداردا هەوڵدەدات ئەم رۆڵە بگێڕێ. بۆیە پێشنیازی ئێمە روونە: دەبێت بە خێرایی لیژنەی ئاشتی و بەسیاسیکردن پێکبهێندرێ تاوەکو بەڕێز ئۆجەلان بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێ. رێگەی ئەوەی بەڕێز ئۆجەلان بە مانای راستەقینە لەنێو پرۆسەکەدا بێت ئەمەیە. ئەو کاتەوەی ئەم لیژنەیە پێکهات، دەتوانین بە ئاسوودەییەوە بڵێین گەڕانەوە لە شاخەوە و لە ئەورووپاوە دەستپێدەکات.
رووداو: بۆ ئەوەی پرۆسەکە تەنیا لە لێدوانی سیاسییدا سنووردار نەبێت و ئەنجامی کردەیی لێبکەوێتەوە، پێویستە چ هەنگاوێک بنرێ؟ ئایا تاوەکو ئەمڕۆ هەنگاوی پێویست لەلایەن دەسەڵاتەوە نراوە بەتایبەتی بۆ ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بڕیارە بگەڕێنەوە؟ ئایا زەوینەی یاسایی تەواو رەخساوە؟ ئایا دۆخەکە پێویستی بە رێکخستنی یاسایی نوێ هەیە؟
تونجەر باکرهان: پێویستە سەرەتا بڵێین لێدوانەکان تا رادەیەک تێگەیشتنیان بۆیان هەیە. بەڵام ئەوەش دەزانین کە لێدوان وەک نان وایە. تا تازەیە بەکاردێ، ئەگەر بمێنێتەوە، ئیدی تێکدەچێت و کەس نایخوات. پێم وایە ئێمە بەشێک لە قۆناخی لێدوانمان تێپەڕاندووە. ئەو یاسایەی لە پەرلەمان بە دەنگێکی زۆر پەسندکرا لەم رووەوە زۆر گرنگە. دەربازبوون لە نیەتەوە بۆ کردار بەنرخ دەزانم.
زۆربەی ئەو هەنگاوە کردەییانەی دەبێت بنرێن لە بوارەکانی سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی و دەروونیدا بڵاوبوونەتەوە و بۆ بەشێکی زۆریان پێویست بە نووسینی تاکە وشەیەکیش ناکات. دۆخەکە پێویستی بە یاسای نوێ نییە. بۆ نموونە، دەکرێ قەییوومەکان بگەڕێندرێنەوە، دەکرێ زمانی راگەیاندن بگۆڕدرێ، بڕیارەکانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بکرێن. بڕیارێک بە هەڵواسراوی مابێتەوە بڕیار نییە، بەڵکو ستەمێکی دواخراوە و لەنێو ئەو بریارە هەڵواسراوانەدا ناوی سەتان هەڤاڵمان هەیە. دیسانەوە بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی ناتوانێت تەنیا کاری ئێمە بێت. دەستی ئێمە ناگاتە هەموو سووچێک، پێویستە دەوڵەتیش بڕوا بەوە بهێنێت، بچێت و قسە بکات. ئەگەر ئەمانە ببن، دڵنیابن پرۆسەکە گەشەی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
بۆ ئەوانەی دەگەڕێنەوە، دۆخێکی یاسایی دیاریکراو هەیە، ئامادەکاریی دەوڵەت هەیە. ئامادەکاریی ئێمە زیاتر لە زەوینەی سیاسی-کۆمەڵایەتیدایە. بەڵام یاسای سەر کاخەز وەک ئەوە وایە لە پەرتووکەوە فێری مەلەکردن بیت. ئایا بێ ئەوەی بچیتە نێو ئاوەوە دەکرێت فێری مەلەکردن بیت؟ ئەوەی کە ئایا پردێک بەرگە دەگرێت یان نا، لە نەخشەکەیەوە نادۆزرێتەوە، بەڵکو لەوەوە دەزانرێ کە یەکەم کاروان بەسەریدا تێدەپەڕێ. کاتێک قۆناخی جێبەجێکردن دەستپێدەکات، زۆربەی لایەنە نادیارییەکانی ئەمڕۆ دەڕەوێندرێنەوە. ئەوانەش دەمێننەوە، لەسەر مێز گفتوگۆیان لەسەر دەکرێ. مەبەستم ئەوەیە، کاتێک خەڵک دەست بە گەڕانەوە دەکەن، زۆر روونتر دەبینین چ بڕگەیەک کار دەکات و لە کوێدا پەکی کەوتووە. لە کاتی پێویستدا هەندێک مادە دەگۆڕدرێن، هەندێک بۆشاییش بە رێکخستنی یاسایی نوێ پڕدەکرێنەوە. دیسان لە چوارچێوەی پرسیارەکەتدا، بە دڵنیاییەوە لە هەموو دۆخێکدا رێکخستنی نوێ پێویست دەبێ. بەپێی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، پێویستییەکان دەردەکەون و بە پێی کات چارەسەر دەکرێن. ئەوەی گرنگە دەبێ بە رێککەوتن بێ. باسی رێککەوتنێک دەکەم کە بە ویستی باش و بە زانینی ئەوەی ئەمە بەڕاستی لە قازانجی وڵاتدایە. ئەوانی دیکە دواتر دێن.
رووداو: لە گفتوگۆکانی یاسای چوارچێوەییدا بەتایبەتی هەڵوێستی پارتی نوێ و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئۆپۆزیسیۆن وەک پێویست خۆی بە خاوەنی ئەم پرۆسەیە دەزانێت؟
باکرهان: بەشێکی زۆری ئۆپۆزیسیۆن پشتیوانی لە پرۆسەکە و یاساکە دەکەن. ئەم دۆخە زەوینەیەکی گرنگ دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی رێکخستنە یاساییەکان بە تیگەیشتنێکی فراوان، هەروەها بۆ پێویستییەکانی وەک بەکۆمەڵایەتیکردنی ئاشتی. واژۆکردنی پێشنیازە یاساییەکە لە لایەن جەهەپەوە و پشتیوانیکردنی بە دەنگی (بەڵێ) بە رێژەیەکی زۆر لە کۆبوونەوەی گشتیدا بەنرخە. پشتیوانیکردنی پێشنیازە یاساییەکە لە سەر ئاستی سەرۆکی گشتیی (پارتی نوێ) پشتیوانییەکی گرنگە و دەبێت هێڵی بەژێردا بهێندرێ. بەڵام ژمارەی دەنگی (نەخێر)ی پەرلەمانتارانی (پارتی نوێ) و رەوایەتیدانیش بە دەنگی (نەخێر) ئاماژە بۆ نەبوونی سیاسەتێکی هاوبەش دەکات. هێنانەوەی پاساو ستەمکردنە. لە تورکیادا ناتوانن تاکە شارێک، تاکە شەقامێک بدۆزنەوە کە ئاشتی نەوێ و دژی رستەی "خەڵک نەمرێ" بێت. سەرەڕای ئەم دیمەنە نەرێنییە، دیسانەوە هەڵوێستی ناوەندیی (پارتی نوێ) و بەشداربوونیان بە دەنگی (بەڵێ) بۆ یاساکە هیوابەخشە بۆ داهاتوو. بەڵام تا ئەو کاتەی ئەو هێڵەی ئۆزگور ئۆزەل بەرگری لێدەکات، نەبێتە ئەقڵێکی دامەزراوەیی و سیاسی، لادان روودەدات. بە بڕوای من، لێکترازانی پارتی گەورەی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دوو بەش لە چارەسەری سەرەکیترین پرسی تورکیادا، پێش هەموو شتێک زیانی بە بانگەشەی بەڕێوەبردنی وڵات گەیاند.
رووداو: کاتێک لە روانگەی ساڵێکی دیکەوە تەماشای دەکەیت، گرنگترین کاژێری یەکلاییکەرەوە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە بە بڕوای تۆ چییە؟ بۆ ئەوەی پرۆسەکە تووشی شکست نەبێت، چ بەرپرسیارییەتییەکی بنەڕەتی دەکەوێتە سەر دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن و دەم پارتی؟
باکرهان: گرنگترین کاژێری یەکلاییکەرەوەی ئەم پرۆسەیە بەڕێوەبردنی دروستی دەروونیی کۆمەڵگەیە. لە تورکیادا ئەم پرسە مێژوویەکی ئازاربەخشی لە سەرووی چل ساڵییەوە هەیە. ئەم مێژووە لە هەردوو لای وڵات شوێنەواری قووڵی جێهێشتووە. خێزانی سەرباز زۆرە کە کچ یان کوڕی لەدەستدابێت؛ خێزانیش زۆرە کە کچ یان کوڕی لە شاخ لەدەستدابێت یان لە شاخە، لە زیندان و ئاوارەییدا چاوەڕێی منداڵەکەی بکات.
لە ئاستێکدا نین کە کەس لەم وڵاتەدا نیگەرانیی لایەکەی دیکە بە کەمتر تەماشا بکات. داواکاریی ئازادیی کورد و نیگەرانیی ئاسایشی تورک دوو ئەجێندای گرنگی ئەم پرۆسەیەن. بێ ئەوەی هەردووکیان بە جیدی وەربگیرێن، ئەم کارە ناڕوات. ئەمە تەنیا کاری سیاسییەکان نییە. لەو زمانەی راگەیاندن بەکاری دەهێنێت تا هەڵبژاردنی وشەکانی رۆژنامەڤانان، لە شێوازی گفتوگۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا گفتوگۆکانی نێو پەرلەمان، باسی بوارێکی فراوانی بەرپرسیارییەتی دەکەم. ئەم بەرپرسیارەتییە لەسەر شانی هەموومانە.
جگە لەمە پێویستە لە ساڵی داهاتوودا سێ شت بکەین. ئەو هەنگاوانە بنێین کە یاساکە داوایان دەکات لە کاتی خۆیدا و بێ کەموکورت. بەکارخستنی کەناڵەکانی دیالۆگ و دانوستاندن لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا بە مانای راستەقینە. لە هەمووشی گرنگتر، رێکخستنی مەرجەکانی کارکردن و پەیوەندی کە بەڕێز ئۆجەلان خۆی تێیاندا لە ناو پرۆسەکەدا بێت. لە پرسیاری پێشووتردا ئەمەم بە وردی روونکردەوە. ئەم پرۆسەیە قۆناخی خۆی هەیە. پێویستە هەمووان بە ئارامی و بەرپرسیارێتییەکی گونجاو لەگەڵ ئەم قۆناخ و راستییانەدا نزیک ببنەوە.
رووداو: ئەو بەرپرسیارێتییانە چین؟
باکرهان: دەتوانم بەرپرسیارێتییەکان بە کورتی بەم شێوەیە باس بکەم: بەرپرسیارێتی دەسەڵات بریتییە لە دروستکردنی کەشێکی سیاسی کە بەردەوامی بە ئاشتی بدات و هەنگاوەکان لە کاتی خۆیاندا بنرێن. بەرپرسیارێتیی ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە واز لەوە بهێنێت ئاشتی و دیموکراسی وەک پێشمەرجی یەکدی ببینێت؛ دەبێت ئەمانە وەک دوو سەردێڕی سەرەکی ببینرێن کە پشتیوانی لە یەکدی دەکەن، نەوەک چاوەڕێی یەکدی بکەن.
بەڵام ئەوەی کە دەبێت سەرەکیتر باسی بکەم، بەرپرسیارێتی دەم پارتییە. ئێمەش دەبێت نەک بە زمانی چالاکڤان، بەڵکو بە ئەقڵێکی دامەزرێنەرانە بیربکەینەوە. دەبێت لە لایەنێکەوە کە تەنیا داوای شتێک دەکات و چاوەڕێ دەکات، دەربچین؛ دەبێت ببینە کاراکتەرێک کە داواکارییە دیموکراسییەکان بۆ چارەسەری پرسی کورد رێکدەخات و خاوەندارێتییان دەکات.
لێرەدا دەمەوێ جەخت لە خاڵێک بکەمەوە. مەبەستی ئێمە ئۆپۆزیسیۆنێک نییە بڵێت "ئەمەمان دەوێ، یان ئەوەمان دەوێ" و خۆی لە بەشداری کارا دەرهێنابێت. کاتێک داواکارییە دیموکراسییەکان رێکدەخرێن، وەڵامی یاسایی ئەو داواکارییانە بەم شێوەیە یان بەو شێوەیە دەردەکەوێ. تایبەتمەندیی دیموکراسی وەرگرتنی دەسەڵاتە خۆجێییەکان، مافی خوێندن بە زمانی دایک و مافی رێکخستن لە ئاسمانەوە نایەنە خوارەوە؛ ئەمانە بابەتی تێکۆشان و بونیادنانن. لەم بابەتەدا ئەركێکی زۆر دەکەوێتە سەر شانی ئێمە.
رووداو: رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا زۆرجار جەختی لێکرایەوە. لە قۆناخەکانی داهاتوودا چاوەڕوانییەکان لە هەرێمی کوردستان چین؟ لە قۆناخێکدا سەرنجی رای گشتی بۆ ئاراستەیەک بوو کە گوایە ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە چەک دادەنێن، لەو هەرێمەدا نیشتەجێ دەکرێن. هەڵسەنگاندنی تۆ بۆ ئەمە چییە؟
باکرهان: رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لاوەکی نییە، بەڵکو زۆر گرنگە. ئێمە زۆرجار جەخت لەمە دەکەینەوە، چونکە هەرێمی کوردستان لە رووی شوێنی جوگرافی، پەیوەندییە مێژووییەکان، کەناڵە سیاسییەکان و دەرفەتەکانی سەر ئەرزی واقیع لە شوێنێکی وەهادایە، دەتوانم ئەمە بڵێم.
سەبارەت بە بەکارخستنی رێبازەکان لە کاتی گەڕانەوەدا، رێککەوتنێک هەیە کە حکومەتی هەرێم بەشدار بێت لە پرۆسەکەدا و رۆڵی ئاسانکاریش بگێڕێت. ئەمە رەهەندی یاسایی، کارگێڕی، لۆجیستی و مرۆیی دەبێت. هەموو ئەم رەهەندانە لە یەک کاتدا پەیوەندییان بە هەولێر، سلێمانی و ئەنقەرەوە هەیە.
سەبارەت بە سیناریۆکان. رای گشتی حەزی لە بۆشایی نییە، ئەگەر بۆشایی هەبوو بە چیرۆک پڕی دەکاتەوە. ئێمەش دەقەکانی وەک "لە فڵان شوێن نیشتەجێ دەکرێن، بۆ فڵان شوێن دەنێردرێن" دەخوێنینەوە. رێک لەم خاڵەدا دەمەوێ شتێکتان بە روونیی لە ئەزموونەکانی پێشوو بەبیربهێنمەوە. وردەکارییەکان تەکنیکین، رێکارەکان دیاریکراون، سیاسەتیش ناچارە لە سەرووی دەنگە دەنگەکانەوە بێت. بۆیە من لایەنگری ئەوەم چاوەڕێی جێبەجێکردن بکەین. کاتێک جێبەجێکردن دەستپێدەکات، زۆربەی ئەو بابەتانەی ئەمڕۆ بە نادیاری دەستنیشان دەکرێن، روون دەبنەوە.
رووداو: داهاتووی رۆژئاوای کوردستان و ئەو وتووێژانەی لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بەڕێوەدەچن یەکێکە لە سەرەکیترینی ئەجێندای کورد. پێت وایە دەبێت لە پێکهاتەی نوێی سووریادا کورد خاوەنی چ پێگەیەک بێت؟ ئایا چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر رۆژئاوای کوردستان دەکەیت؟
باکرهان: داهاتووی سووریا بە رژێمێکی دیموکراسی بەدەستدەهێندرێ. بونیاتنانی سووریایەکی دیموکراسی لە دانپێدانان و دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو گەلان و پێکهاتەکانی سووریا لە سەروویانەوە کورد تێدەپەڕێ، ئەمە بە تواندنەوەی کورد نا، بەڵکو لە رێگەی بەهێزکردنی بەشداری کارای سیاسییەوە. دەبێ زۆر بە روونی بڵێین: گەلی کورد مافەکانی بەدەست هێناوە و ئەوەش هیچ لە مافی گەلانی دیکە کەم ناکاتەوە. بە پێچەوانەوە، زۆری ماف دەستکەوتە بۆ هەمووان. پێویستە وڵاتانی ناوچەکە ئەم راستییە بەم شێوەیە بخوێننەوە. کورد لە سووریادا بە چ شێوازێک جێگە دەگرێ، ئەوە کوردی ئەوێ بڕیاری لەسەر دەدات. ئێمە لە دۆخێکدا نین بڕیار لەسەر چۆنێتی ژیانی گەلی کورد یان گەلی دیکە بدەین. بەڵام دەبێت بەدەستهێنانی مافی کورد لە سووریا لە لایەن تورکیایشەوە پشتیوانی لێبکرێ.
رووداو: جەنگی ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکە سەرلەنوێ هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەڕێژنەوە. گەورەترین مەترسی کە ئەم جەنگە و ئەگەری تەشەنەسەندنی لە ناوچەکەدا بۆ کورد دروستی بکات چین؟ بۆ ئەوەی کورد سەرلەنوێ لە نێوەڕاستی ململانێ ناوچەیییەکاندا نەمیێننەوە، دەبێ چ سیاسەتێک بگیرێتەبەر؟
باکرهان: جەنگی ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەگۆڕێ. ئەگەر بپرسن ئەگەر ئەم جەنگە بگوازرێتەوە بۆ ململانێیەکی ناوچەیی، کێ زۆرترین کاریگەری لێدەکرێت، وەڵامی من روونە: لە سەروویانەوە ئێران، عێراق و سووریا، نزیکەی هەموو ئەو شوێنانەی کوردی لێ دەژین دەکەونە ژێر مەترسییەوە. هەر لە رۆژانی یەکەمی جەنگەکەوە ئەمەمان بینی. رژێمی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران، هەندێک جار راستەوخۆ خۆی، هەندێک جار لە رێگەی گرووپە ئێرانییەکان لە عێراق خاکی هەرێمی کوردستانیان کردە ئامانج. سەرەڕای هەموو ئاڵۆزییەکان، کورد بە پێداگرییەوە دەڵێن نابنە بەشێک لە جەنگێکی ناوچەیی و نابنە گۆچان بۆ هیچ هێزێک.
ئەی ئەگەر هەموو رۆژێک هێرشەکان بەردەوام بن، کورد چی دەکات؟ دیارە وەک مەڕی قوربانی بە بێدەنگی چاوەڕێ ناکات. بە روونی دەڵێم: وەک هەموو کەسێک کە هێرشی دەکرێتە سەر، کوردیش مافی بەرگری لە خۆکردنی هەیە، لەمەدا هیچ کوردێک گومان ناکات. بەڵام کورد تاوەکو ئەمڕۆ نەکەوتوونەتە نێو یاریی هێزەکانی دیکەوە، دیالۆگ و دانوستاندنیان کردووەتە بنەما و بەردەوامی بەم هێڵەش دەدەن. پێم وایە دەبێت ئێران، سووریا بکاتە نموونە. سەرەڕای هەموو کەموکورتییەکان، حکومەتی دیمەشق هەیە کە دیالۆگی لەگەڵ کورد هەڵبژاردووە. کورد لە سووریا لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هەوڵ دەدەن کێشەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن. ئایا دیمەشقێک کە لەگەڵ کورد لە جەنگدا بێت جێگیرتر دەبێت یان دیمەشقێک کە هەوڵ دەدات کێشەکانی بە دانوستاندن چارەسەر بکات؟ وەڵامەکە دیارە. لە دانوستاندن و دیالۆگدا دیمەشق بەقازانج دەردەچێت و کوردیش بە هەمان شێوە.
لە عێراقیشدا سەرەڕای ئەوەی جار بە جار گرژی دروست دەبێت، لەنێوان بەغدا و هەولێردا دیالۆگ هەیە. دروستەکەش ئەمەیە.
ئێران هێشتا هەوڵدەدات کورد بە زۆرداری، بە سێدارەدان و بە هێز بێدەنگ بکات و پاکتاوی بکات. دەبێت بە خێرایی دەست لەم هەڵوێستە هەڵبگیرێ. دەبێت ئێران مافە دیموکراسییەکانی ئەو گەل و ئایینە جیاوازانەی لە خاکی خۆی دەژین و لە سەروویانەوە کورد پەسند بکات. چاکترین رێگە ئەمەیە. ئەگەر بەردەوام بێت لە لەسێدارەدان و هێرشکردن، شکانێکی گەورە بۆ ئێران روودەدات. کوردیش دەست لە بەرگری لە خۆکردن هەڵناگرێ. ئەمە هەڵبژاردنی کورد خۆی نییە، بەڵکو ئەنجامێکی ناچارییە کە بەسەریدا سەپێندراوە. ناوچەکە پێویستی بە جەنگێکی نوێ نییە، بەڵکو زەوینەی ئاشتیی بەردەوام و دیالۆگە.
رووداو: کاتێک لە روانگەی پەیوەندییەکانی کورد و پرسی یەکێتیی نەتەوەییەوە تەماشای دەکەی، لێکترازانی ئێستای نێو بزووتنەوە سیاسییەکانی کورد و پێکهاتە سیاسییە جیاوازەکان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ پێت وایە دەبێت چ هەنگاوێک بنرێ بۆ ئەوەی کورد لە دەوری روانگەیەکی هاوبەشی نەتەوەیی زیاتر لێک نزیک ببێتەوە؟
باکرهان: دەنگوباسی یەکێتیی نەتەوەیی لەنێو کورد هەرگیز کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو زۆربەی کات وەک بابەتێکی ئەجێندا هێڵدراوەتەوە، نەوەک وەک هۆشیارییەکی مێژوویی. پرسی یەکێتیی نەتەوەیی لەنێو کورد نوێ نییە؛ گەڕانێکە کە ساڵانێکی درێژە کات بەهێز دەبێت و هەندێ جاریش بەرەو دواوە دەڕوات. کەچی یەکێتیی نەتەوەیی لە ئاستی فیکری، ئاستی سیاسەت و ئاستی مێژووییدا مانای جیاوازی هەیە. بە روونی بڵێم، لەو بڕوایەدا نیم لە گرنگییەکەی بە تەواوی تێگەیشتبین.
یەکێتیی نەتەوەیی تەنیا هەستێک نییە. ئەو خوشک و برایانەی بەشداری لە یەک ماڵدا دەکەن، نابێ تەنیا یەکدییان خۆش بوێ؛ ئەگەر قسە لەسەر ئەوە نەکرابێت کە میوان هات کێ دەرگاکە دەکاتەوە، کێ پارەی پسوولەکە دەدات و کاتێک میوان هات کێ چی دەڵێت، ئەوا ئەو ماڵە شێواوە. درەنگ دروستبوونی زمانی هاوبەش لەنێو کورد یەکێک لە تراژیدیا سەرەکییەکانی مێژوومانە. هەموو جارێک هەمووان بە راست دەرچوون، بەڵام کەس قازانجی نەکردووە. سیاسەتی کوردی لەمەودوا دەبێت نەک تەنیا بەرەو کێشەکانی ئەمڕۆ، بەڵکو بەرەو ئەوە هەنگاوبنێت بکات کە پەنجا ساڵی داهاتوو چۆن بونیات بنرێ.
لێرەوە دەمەوێ بانگەوازێکی ئاشکرا بکەم. یەکێک لە یەکەم هەنگاوەکانی یەکێتیی نەتەوەیی کە گەلی کورد بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکات، ئەوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ئیرادەیەکی بەهێزی هاوبەشی دەربڕن. دوو هێزی سیاسیی گەورە کە خاوەنی ئەزموون، دامەزراوە و پێگەی کۆمەڵایەتین، بۆچی نەتوانن لە بابەتە هاوبەشەکاندا هێڵێکی سیاسی بەهێزتر پێکبهێنن؟ بۆچی نەتوانن داهاتووی هاوبەش بەیەکەوە بپارێزن؟ ئایا کێشەی نێوانیان لە داهاتووی گەلێک گەورەترە؟ ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە سیاسەتێکی نوێ بەرهەم بهێندرێ؟ ئایا لەو جوگرافیایەی تێیدان زەوینەیەکی سیاسی بەهێزتر دروست نابێت؟ هۆکاری ئەوەی ئەمڕۆ بە ئاسانی هێرش دەکرێتە سەر کورد، پارچە پارچەیی نێوان کوردە.
ئەمە بانگەوازێکی ئاشکرایە. فەرموون، دەستپێشخەری بکەن، یەکەم هەنگاو بنێن. بەم هەنگاوە جەژن بە کورد ببەخشن. ئەو گرژی و لێکترازانەی جاربەجار لە نێوان هەولێر و سلێمانی رەنگدەداتەوە ئازاری دڵمان دەدات.
روانگەی نەتەوەیی ئیدی خۆی دەسەپێنێت، جیهان دەگۆڕدرێ، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین دەکرێتەوە. لە سەردەمێکداین ئەگەر لەسەر مێزەکە دانەنیشتبیت، ناوەکەت لەنێو لیستی خواردنەکاندا دەبێت. لە سەردەمی وەک ئەمەدا لێکدانەوەی بچووک زیانی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
یەکگرتوویی پێویستە، بەڵام زیاتر لەوە، بیرکردنەوەی هاوبەش پێویستە. دۆخەکە پێویستی بە ئەقڵی هاوبەشە و لە کاتی ئەنجامدانی هەموو ئهمانهدا دەکرێ بێ ئەوەی جیاوازییەکان بتووێندرێنەوە، بەیەکەوە بژین. یەکێتیی نەتەوەیی ئەوە نییە هەمووان وەک یەک بیربکەنەوە، بەڵکو ئەوەیە ئەوانەی جیاواز بیردەکەنەوە لە بابەتە هاوبەشەکاندا بەیەکەوە رەفتار بکەن.
رووداو: کاتێک دەگوترێ یەکێتیی نەتەوەیی هەندێک لایەن نیگەران دەبن؟ ئەمە چۆن لێکدەدەیتەوە؟
باکرهان: ئێستا دەزانم کاتێک ئەم قسانەی من دەبیستن، لایەنی وەها هەیە تووشی شڵەژان دەبێت و بە نیگەرانییەوە تەماشا دەکات و دەڵێت "مەبەستی چییە". بە هەموو راستگۆییەوە دەمەوێت بە روونی بڵێم: ئەو یەکێتییەی لێرەدا مەبەستمانە، یەکێتییەک نییە دژی کەس بونیاتنرابێت.
پێویستە سەرەتا یەکێتیی نەتەوەیی پێناسە بکەین. مەبەست لە یەکێتیی نەتەوەیی نێوان کورد ئەوە نییە هەموو کورد بچنە ناو یەک پارتی سیاسی، یەک رێکخراو یان یەک هێڵی ئایدیۆلۆژییەوە. رێک بە پێچەوانەوە، ئەوە پاراستنی جیاوازییەکان و دەربڕینی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک بوون، زمان، ماف، دەستکەوت و داهاتووی کورد. ئەو مافە لە ئاستی جیهاندا لە هیچ گەلێک قەدەخە ناکرێ، واتە مافی رەفتارکردنی بەیەکەوە، ناتوانرێ لە کوردیش قەدەخە بکرێ. نابێت لەمە نیگەرانی هەبێت.
وەک ئەو کوردەی لە تورکیادا دەژی، هەڵوێستمان دیارە و نەگۆڕاوە: ناونیشانی چارەسەرکردنی کێشەکەمان ئەنقەرەیە، چارەسەریش هەر لێرە، لەم خاكەدا دەگەڕێین. هەموو تورکیا بە نیشتمانی خۆمان دەزانین. کارلێکی سیاسی، کولتووری و ئابووری کە لەگەڵ خوشک و براکانمان لەودیوی سنوورەکان بەهێز دەبێت، دژی کەس نییە، بەڵکو گەشەیە لە قازانجی هەمووان. ئەمڕۆش ئەوەی لە دەروازەی سنووری ئیبراهیم خەلیل - خابوور زۆرترین قازانج دەکات تورکیایە؛ بە هەزاران کەس لە تورکیا لە ترابزۆنەوە تاوەکو ئامەد لە خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن و وەبەرهێنان دەکەن. بەیانیش کاتێک دەروازەی سنووری قامشلۆ-نوسەیبین بكرێتەوە، دیسانەوە هەمووان بەیەکەوە بەقازانج لێی دەردەچین؛ دیمەشق، ئەنقەرە و قامشلۆ. یەکێتی و ئارامیی نێوان کورد ئاسایشی ناوچەکە بەهێز دەکات؛ ئاسایشی ناوچەکەش راستەوخۆ خزمەت بە ئاسایش و خۆشگوزەرانیی تورکیا دەکات. واتە ئەم بابەتەی یەکێتی مەترسی نییە، بەڵکو زەوینەیەکە لە قازانجی تورکیا و هەموواندایە.
رووداو: لەم چوارچێوەیەدا، ئایا هیچ هەڵسەنگاندنێکی ئۆجەلان سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران بۆ ئێوە گوێزراوەتەوە؟ ئایا هیچ پێشنیازێک یان بانگەوازێکی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق کە لە ناوەندی هێرشەکاندایە، هەبووە؟
باکرهان: ئۆجەلان لەو دیدارەی لەگەڵ شاندی ئیمڕاڵیمان ئەنجامی دا، هەڵسەنگاندنی زۆر گرنگی کرد کە وەڵامی ئەم پرسیارەش دەداتەوە. دەتوانم بیروڕاکانی بەڕێز ئۆجەلان لە چوار دێڕدا کورت بکەمەوە و دەڵێت:
یەکەم: دەبێت دۆخی پارچەپارچەیی نێوان سلێمانی و هەولێر کۆتایی بێت. کێشەکان لە دەوری بنەما دیموکراسییەکان چارەسەر بن و حکومەتێکی هەرێمیی ناوەندی بێتە ئاراوە.
دووەم: لەم حکومەتە هەرێمییەی دروست دەکرێ، دەبێت هەموو هێز و داینامیکەکانی هەرێمی کوردستان مافی قسەکردن و سیاسەتیان هەبێت، چونکە هەموو دۆخێکی پارچەپارچە، ناوچەکە زیاتر بەرامبەر هێرشەکان بێهێزتر دەکات.
سێیەم: دەبێت ئێران بە خێرایی هێرشەکانی بۆ سەر خاکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەروویانەوە سلێمانی و هەولێر رابگرێ و کۆتایی بە سیاسەتی لەسێدارەدان بهێنێت.
چوارەم: دەبێت ئێران مافەی کورد پەسەند بکات و نزیکبوونەوەیەکی دیموکراسی پیشان بدات. تورکیاش لەم پرۆسەیەدا دەبێت رۆڵێکی ئەرێنی بگێڕێ. ئەگەر ئێران لە سیاسەتی هێرشکردنە سەر کورد گۆڕانکاری نەکات و کۆتایی بە لە سێدارەدان نەهێنێت، کورد جگە لەوەی بە رۆحی یەکێتیی نەتەوەیی بەرگری لە خۆی دەکات، هیچ رێگەیەکی دیکەی بۆ نامێنێتەوە. بێگومان دەبێت کورد ئەمە بێ ئەوەی ببنە گۆچان بۆ هیچ هێزێکی دیکە، بە ئیرادەی خۆیان بکەن. لە راستیدا ئەو هەڵوێستەی هێزە کوردییەکان تاوەکو ئەمڕۆ بەرامبەر هێرشەکانی ئێران پیشانیانداوە لەم ئاراستەیەدا بووە. دەبێت ئێران ئەم راستییە ببێنێت و رەفتار بکات.
رووداو: دەم پارتی کۆنگرە دەبەستێت. ئامانجتان چییە لە کۆنگرەوە و چ دەم پارتییەک دەردەچێت؟ ئایا دەبێت چاوەڕێی گۆڕانکاریی گرنگ لە هێڵی سیاسیی، رێکخستن یان نزیکبوونەوە لە سیاسەتی تورکیا بکەین؟ هەروەها تۆ لە لێدوانێکدا گوتت دەمیرتاش لە کۆنگرەدا دەبێت. ئایا ئەمە ئاواتێکە یان پلاندانانێک لەم ئاراستەیەدا هەیە؟
باکرهان: لە 6ی ئەیلوولدا کۆنگرە دەبەستین. لە 7ی ئەیلوولیشەوە دەست بە ئامادەکاری بۆ کۆنگرەیەکی گەورەی وەرچەرخان دەکەین. لە کورتترین کاتدا بە بەرنامەمان، بە زمانمان، بە سیاسەتمان و بە کادیرەکانمان نوێ دەبینەوە و بەهێزتر دەبین.
کۆنگرەی 6ی ئەیلوول لەبەر ئەمە گرنگە؛ کۆنگرەیەک دەبێت کە کادیری گونجاو لەگەڵ سەردەمی نوێ و سەردەمی سیاسی نوێ دروست دەکات. ئەم سەرکردایەتییە ئامادەکاری بۆ بانگەشەی بەهێز دەکات. بەڵام با ئەمەش بە روونی بڵێم: ئامانجی سەرەکی ئێمە لەمەودوا تەنیا بەستنی کۆنگرەی پارتییەکی سیاسی نییە، بەڵکو دەمانەوێ بگوازرێتەوە بۆ کۆنگرەی بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی و ئەم بزووتنەوەیە بۆ هەموو شوێنێکی تورکیا فراوان بکەین.
رووداو: باست لە "کۆنگرەی بزووتنەوەی کۆماری دیموکراسی" کرد. ئەمە چۆن لە کۆنگرەیەکی ئاسایی جیا دەبێتەوە؟
باکرهان: ئەگەر ئەم پرۆسەیە تەنیا بە بێدەنگبوونی چەک و چەند هەنگاوێکی یاسایی شیکار بکەین، بە کەمی دەمێنێتەوە. ئەم پرۆسەیە زۆر شت لە تورکیادا دەگۆڕێ. پێم وایە گۆڕانکاریی جیدی لە ناوچەیەکی فراواندا دروست دەکات لە زمانی سیاسەت و داینامیکەکانییەوە بگرە تا ژیانی کۆمەڵایەتی. ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بە دروستی بخوێنێتەوە، بەرەو پێش دەچێ. ئەوەیشی بە بابەتە رۆژانەیییەکانەوە سەرقاڵ بێت، لە دواوە دەمێنێتەوە. کاتێک ئەمە دەڵێم، دڵنیام زۆر کەس بە مافی خۆیان هەندێک نموونەی نەرێنیی ئێستا دەهێننەوە. بێگومان ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەمانە دەردەبڕین، بەڵام لە بنەڕەتدا دەبێت راستیی جیهانی گۆڕاو، ناوچەکە و تورکیاش بە دروستی بخوێنینەوە.
ئیدی دەکەوینە سەردەمێک کە تێیدا چەک و ململانێ نییە. لەمەودوا ئەو ئەرکەی دەکەوێتە سەر شانمان، تەنیا بەرخودان نابێ، بەڵکو بونیاتنانی شتێکە، خستنەڕووی بیرۆکەی سیستمێکی نوێ و داهاتوویەکی نوێیە. ناتوانین وەک پێشوو بەردەوام بین، زمانێکی نوێ و رێگەیەکی نوێ پێویستە. لەمەودوا کێ شتێک بونیات بنێت، کێ داهاتوویەکی راستەقینە پیشانی گەل بدات، لە سیاسەتدا قسە هی ئەو دەبێت.
ساڵانێکی زۆر گوتیان "پرسێکی ئەمنییە"، بوارە دیموکراسییەکەیان تەسک کردەوە، زۆردارییان بە رەوا پیشاندا و چارەسەرییان دواخست. ئێستا ئەم بیانووە نەهێڵدراوە. تەنیا یەک رێگە دەمێنێتەوە: سیاسەتی دیموکراسی و ئیرادەی چارەسەریی گەل. ئەمە دەرفەتێکی گەورەمان پێدەدات، بەڵام لە هەمان کاتدا بەرپرسیارێتییەکی گەورەیشمان دەخاتە سە شان. دەکەوینە سەردەمێکەوە کە تێیدا قسەمان، بەرنامەمان و توانای چارەسەرکردنمان دەپێورێ. بەم چاوەوە تەماشای کۆنگرەش دەکەین.
لە لایەکی دیکەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوەییدا دەمیرتاش، یوکسەکداغ و بە هەزاران هەڤاڵمان، ئەوانەی لە ئاوارەییەوە دەگەڕێنەوە و زۆر لە هەڤاڵی دیکەمان لە بوارەکانی تێکۆشانەوە بەشداری لە ژیانی سیاسیدا دەکەن. بەرپرسیارێتیی خۆمان بەرامبەر کۆمەڵگە شان بە شانی یەکدی بەردەوامی پێدەدەین.