رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، پشتیوانیی تەواوی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ دەکات بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی. دەشڵێت: "لە پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە."
بەپێی راگەیێندراوێکی بارەگای بارزانی، رۆژی چوارشەممە، 26ـی ئابی 2026، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە محەممەد عەلی ئەللامی، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق کورتەیەکی لەبارەی بڕیاری نەهێشتنی دیاردەی دزێوی گەندەڵی، بەهەدەردانی سامانی گشتی و بەڕێوەچوونی پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق خستەڕوو.
لەراگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی میوان هەوڵەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵیان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و بەربەستەکانی بەردەم پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ سەرۆک بارزانی باسکرد.
هاوکات وێڕای ئاماژەدان بە رۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانی لە بنیاتنانی عێراقی نوێدا، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق داوای پشتیوانیی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ یارمەتیدانی عێراق لە بنبڕکردنی گەندەڵی لە سەرانسەری وڵاتدا. هەروەها هەماهەنگی و یارمەتییەکانی دامودەزگا فەرمییەکانی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند و سوپاس و پێزانینی دەستەکەیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد.
سەرۆک بارزانی پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ بڕیاری بنبڕکردنی گەندەڵی و سزادانی گەندەڵکاران راگەیاند و ئەو هەنگاوەی بە "ئەرکێکی پیرۆز" ناوبرد.
سەرۆک بارزانی ئەوەشی دووپاتکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک رێگەنادرێت هەرێمی کوردستان ببێتە پەناگەیەک بۆ گەندەڵکاران، و جەختی لەوە کردەوە کە لەو پرۆسەیەدا هێڵی سوور لەسەر هیچ کەس و لایەنێک نییە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە سەرۆک بارزانی باسی لەوەشکردووە کە سەرگرتنی پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی پێویستی بە بەردەوامی هەیە و نابێت وەستانی تێبکەوێت، دووپاتیشی کردووەتەوە کە دەبێت ئەو هەوڵانە لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەریدا بن.

