رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی سەختی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی هەولێر - کۆیە، کەسێک گیانی لەدەستدا و هەشت کەسی دیکەش برینداربوون. گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، تاوەکو یەکشەممە راپۆرتی کۆتایی لەبارەی رووداوەکە ئامادەدەکەن.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کاژێر 11:33 خولەکی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگادارکراونەتەوە لە رووداوێکی سەخت لەسەر رێگەی سەرەکیی (هەولێر - کۆیە) و دەستبەجێ شەش تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "تەنیا یەک هاونیشتمانی گیانی لەدەستداوە کە لەدایکبووی ساڵی 1966ـە، هەروەها هەشت کەسی دیکە برینداربوون کە شۆفێری بارهەڵگرەکەش یەکێکە لەوان و ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان."
موقەدەم شاخەوان وردەکاریی زیانی ئۆتۆمبێلەکانی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەکرد کە بارهەڵگرەکە خۆی بە حەوت ئۆتۆمبێلدا کێشاوە؛ لەو نێوەندەشدا چوار ئۆتۆمبێل بەهۆی تەقینی تانکیی بەنزینەکانیانەوە گڕیان گرتووە و سێ ئۆتۆمبێلی دیکەش بەتەواوی تێکشکاون.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی گوتی: "هەرچەندە شۆفێرەکە دەڵێت برێکم نەماوە، بەڵام ئەمە تەنیا قسەیەکە؛ لیژنەیەکی پۆلیسی هاتووچۆ پێکهێندراوە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد تاوەکو دیاریبکرێت ئایا هۆکارەکە خێرایی بووە، یان خەولێکەوتن و تەقینی تایە."
موقەدەم شاخەوان ئاشکرایکرد، تاوەکو رۆژی یەکشەممە راپۆرتی ورد و کۆتایی ئامادەدەکەن. ئەو راپۆرتە وەک بەڵگەیەکی فەرمی دەبێت بۆ ئەو هاووڵاتییانەی کە بەڵگەنامەکانیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکاندا سووتاوە، تاوەکو بتوانن دووبارە دەریانبکەنەوە و داوای مافی یاسایی و قەرەبوو بکەن.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی رەخنەی لە رەفتاری هەندێک لەو کەسانە گرت کە لە شوێنی رووداوەکە کۆببوونەوە و گوتی: "کۆبوونەوەی خەڵک بۆ وێنەگرتن و لایڤکردن، ببووە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم گەیشتنی ئەمبوڵانسەکان و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە؛ ئەمە مەترسیی بۆ سەر ژیانی بریندارەکان و خودی ئەو کەسانەش دروستکردبوو، چونکە هەر ساتێک ئەگەری تەقینەوە هەبوو."
موقەدەم شاخەوان داوای لە داواکاری گشتی کرد سزای تووند بۆ ئەو کەسانە دابنێن کە وێنەی لاشەی سووتاوی قوربانییان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاودەکەنەوە، چونکە ئەوە "سووکایەتییە بە شکۆی مرۆڤ و برینێکی ساڕێژنەکراوە بۆ کەسوکاری قوربانییەکان."


