رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکی نوێدا کرێی فرۆشگای قوتابخانەکانی چەندین هێندە زیادکردووە، ئەمەش نیگەرانیی فرۆشیارانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، ساڵی رابردوو زەرەریان کردووە و ئەمساڵ ناتوانن ئەو کرێیە زۆرە بدەن.
نەوزاد نەسروڵڵا، ماوەی حەوت ساڵە فرۆشگای قوتابخانەیەکی دوو دەوامی لە قەزای خەبات بەکرێ گرتووە. ئەو بە رووداوی گوت: "ساڵی پار فرۆشگاکەی بە سێ ملیۆن و 500 هەزار دینار بەکرێ گرتووە، بەڵام نەک نەیتوانیوە پارەی کرێکەی بە تەواوی بدات، بەڵکو چوار ملیۆن و 500 هەزار دیناریش زەرەری کردووە.
سەرەڕای ئەو زیانە، ئەمساڵ کرێی فرۆشگاکەی نەوزاد بۆ 27 ملیۆن دینار زیاد کراوە، واتە نزیکەی نۆ هێندەی ساڵی پار. نەوزاد دەڵێت: "ساڵی پار قازانجم نەکردووە، چۆن ئەمساڵ قازانج بکەم؟ لە کارتۆنێک کێک تەنیا هەزار دینارم بۆ دەمێنێتەوە، چۆن 27 ملیۆن دینار کۆبکەمەوە؟"
بەپێی راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە، کرێی فرۆشگاکان بەپێی ژمارەی قوتابیان و کاتی دەوام دیاری کراوە. بۆ نموونە، بۆ قوتابخانەیەکی یەک دەوامی بۆ هەر قوتابییەک 50 دینار و بۆ قوتابخانە دوو دەوامییەکانیش بۆ هەر قوتابییەک لە 75 دینارەوە تاوەکو 200 دینار دیاری کراوە.
کازم سەعدوڵڵا، سەرۆکی سەندیکای فرۆشگاکانی قوتابخانەکان، دەڵێت: "ئەگەر بۆ خۆم حیساب بکەم، ساڵی پار لە پێنج قوتابخانە 17 بۆ 18 ملیۆن دینار زەرەرم کردووە. ئەمساڵ کرێیەکە پێنج قات و زیاتریش زیاد کراوە. ئەوەی بە دوو ملیۆن بووە، کراوە بە چوار و شەش ملیۆن. نرخەکان خەیاڵین."
راگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027ـە و فرۆشگای قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان و پەیمانگەکانی سەر بە وەزارەت دەگرێتەوە.
