رووداو دیجیتاڵ
کچە کوردێکی خەڵکی شاری عەفرین بە ناوی "جوودی ئەسلان شێخۆ"، کێشەکانی پەنابەران و رەگەزپەرستیی رێکخراوی گەیاندە بەرزترین ئاستی دەوڵەتی فینلاند. جوودی وەک میوانێکی تایبەت و لەسەر بانگهێشتی فەرمیی "پێتێری ئۆرپۆ"، سەرۆکوەزیرانی فینلاند، بەشداری لە کۆبوونەوەی "مێزی خڕ" کرد و داخوازییەکانی ژنان و کچانی پەنابەری بە بوێرییەوە خستە روو.
جوودی ئەسلان: رەگەزپەرستیی رێکخراو لە کەرتی پەروەردەدا هەیە
جوودی ئەسلان شێخۆ، کە خەڵکی گوندی گەمرووکەی عەفرینە، لە کاتی بەشداریکردنی لە "نوورۆژ"ـی رووداودا، وردەکاریی قسەکانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران گێڕایەوە. جوودی ئاماژەی بەوە کرد، کە راستەوخۆ سەرنجی خستووەتە سەر ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندکارانی بیانی و گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا زۆر باسی خوێندنمان کرد. بە سەرۆکوەزیرانم گوت کە ئێمە هەست دەکەین رەگەزپەرستییەکی رێکخراو لە کاتی هەڵبژاردنی بەشەکانی خوێندندا هەیە. ئەمەش رێگری لە خوێندکارانی بیانی دەکات بگەنە ناوەندەکانی بڕیاردان. سەرۆکوەزیران گوێی لە داواکارییەکانمان گرت و بەڵێنی دا کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە و دابینکردنی هەلی یەکسان بکات."
جوودی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو لەگەڵ نۆ کچی دیکە لە نەتەوە جیاوازەکانەوە بەشدارییان لەم دانیشتنەدا کردووە و ئەزموونە سەختەکانی خۆیان سەبارەت بە رەگەزپەرستی هاوبەش کردووە، تاوەکو سیستەمی فینلاند ببێتە سیستەمێکی دادپەروەر و یەکسانخواز.
زمان و کولتووری کوردی مەرجی تێکەڵبوونی کۆمەڵایەتییە
جوودی ئەسلان تەنیا وەک خوێندکارێک نا، بەڵکو وەک چالاکڤانێکی کۆمەڵایەتیش لە فینلاند دەناسرێت. ئەو بە شانازییەوە باس لە ناسنامەی خۆی دەکات:
"بچمە هەر کوێیەک، دەڵێم من کوردم. من لە ساڵی 2020 گەیشتمە فینلاند و لە ساڵی 2023دا (رێکخراوی سۆز)مان دامەزراند. ئامانجمان پاراستنی زمان و کولتووری کوردییە. بڕوام وایە پاراستنی رەچەڵەک و کولتووری خۆت، مەرجی سەرەکیی تێکەڵبوونە (ئینتەگراسیۆن). مرۆڤ کاتێک بە ناسنامە رەسەنەکەی خۆیەوە لەسەر پێ بێت، دەتوانێت لە ناو کۆمەڵگەیەکی نوێشدا سەرکەوتوو بێت."
کۆبوونەوە لە هۆڵی ئاهەنگە دەوڵەتییەکان
ئەو دیدارەی کە لە هۆڵی ئاهەنگەکانی ئەنجوومەنی دەوڵەت لە هێڵسینکیی پایتەخت بەڕێوەچوو، بەشێک بوو لە بەرنامەی حکومەتی فینلاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستی. لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران پێتێری ئۆرپۆ گوێی لە بەسەرهات و کێشەی ئەو ژنە بیانییانە گرت کە لە فینلاند دەژین.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە دروستکردنی کۆمەڵگەیەک بوو کە تێیدا هیچ کەسێک بەهۆی رەگەز، رەنگ یان رەچەڵەکییەوە پشتگوێ نەخرێت.
سەرۆکوەزیرانی فینلاند دوای گوێگرتن لە جوودی و هاوڕێکانی، گوتوویەتی کە رووبەڕووبوونەوەی رەگەزپەرستی لە پێشینەی کارەکانیاندایە و هەنگاوی جیدی بۆ بەهێزکردنی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا دەنێن.


