رووداو دیجیتاڵ
قوتابییانی رۆژئاوای کوردستان رووبەڕووی بڕیارێکی "لەناکاو"
و جێی مشتومڕ بوونەتەوە؛ وەزارەتی پەروەردەی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا بڕیاری داوە
وانەی بیرکاری لە کوردییەوە بگۆڕێت بۆ عەرەبی. قوتابییان بە دروشمی "زمانمان ناسنامەمانە"
دژی بڕیارەکە وەستاونەتەوە و دەڵێن دوای نۆ ساڵ خوێندن بە زمانی دایک، مەحاڵە بتوانن
بە زمانی عەرەبی لە وانە زانستییەکان تێبگەن.
ساڵانێکە لە قوتابخانەکانی رۆژئاوای کوردستان وانەی بیرکاری
بە زمانی کوردی دەخوێندرێت، بەڵام ئێستا وەزارەتی پەروەردە پەرتووکی "بیرکاری"
لادەبات و پەرتووکی "الرياضيات" (بیرکاری بە زمانی عەرەبی) دەخاتە شوێنی.
ئەم گۆڕانکارییە نەک هەر لە ڕووی زمان، بەڵکو لە رووی ناوەڕۆک و ئاستی زانستیشەوە جیاوازیی
زۆری هەیە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە جیاوازییە سەرەکییەکە لە "زمان و سیاسەت"دایە.
قوتابییان بە نیگەرانییەکی زۆرەوە باس لەو ئاستەنگە دەکەن کە
خراوەتە بەردەم خوێندنەکەیان.
پێلین خەلیل، قوتابییەکی پۆلی حەوتەمە و بە رووداوی راگەیاند:
"ئەمە شتێکی باش نییە. ئێما لە پۆلی یەکەوە تاوەکو ئێستا بە کورمانجی خوێندوومانە،
ئێستا بیکەن بە عەرەبی زۆر قورسە. هەموو هاوڕێکانم دەڵێن ناتوانین بەم زمانە بخوێنین."
ئەڤین ئیبراهیم، قوتابییەکی دیکەیە و جەخت لەسەر هەمان کێشە
دەکاتەوە و دەڵێت: "بە راستی زۆر زەحمەتە؛ نۆ ساڵە بە کوردی دەخوێنین، زۆر قورسە
ئێستا بیکەین بە عەرەبی. دەمەوێت هەر بە زمانی کوردی بەردەوام بم."
هەروەها ئێڤلین حوسێن، کە لە پۆلی نۆیەمە، باس لە گوشارەکان
دەکات و دەڵێت: "زمانەکەمان گۆڕدراوە و هەفتەی سێ وانەمان هەیە، دوای نۆ ساڵ ناتوانین
ئێستا بە عەرەبی بخوێنین."
"زمانەکەمان قبووڵ دەکەین نەک عەرەبی"
قوتابییان سوورن لەسەر ئەوەی کە پرۆسەی پەروەردە نابێت بکرێتە قوربانیی بڕیارە سیاسییەکان.
دڵۆ هێتی و نوور سارین دەڵێن: "زمانمان کوردییە نەک عەرەبی، دەمانەوێت لە قوتابخانەکانمان
هەر بە زمانی خۆمان بخوێنین."
مزگین ئیبراهیم حوسێن-یش بە راشکاوی دەڵێت: "ئێمە زمانەکەمان
کوردییە و ئەم زمانە (عەرەبی) قبووڵ ناکەین."
لەکۆتاییدا، سیدار سەعدوون پەیامی کۆی قوتابییان دەگەیێنێت و
دەڵێت: "نامانەوێت زمانەکەمان بگۆڕدرێت و ون ببێت، ئێمەی قوتابییان دەمانەوێت
بە زمانی خۆمان بخوێنین."

