نزیکەی 30 بزنی کێوی گەڕێندرانەوە بۆ نێو سرووشتی شارباژێڕ
کەسایەتییەکی
ژینگەدۆستی شارباژێڕ نزیکەی 30 سەر بزنی کێوی لە سلێمانی دەکڕێتەوە و لە ناوچەیەکی
شاخاوی لە سنووری شارباژێڕ ئازادیان دەکات.
سلێمانی - حاجی شەریف، کەسایەتییەکی ژینگەدۆست و دەستودڵکراوەی شارباژێڕ و سلێمانییە و ساڵانە چەندجارێک ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەکڕێتەوە و ئازادیان دەکات.
شەریف
حاجی رەسوڵ، ژینگەدۆست، رایگەیاند: "ئەم بزنە کێوییانە لە باخێکدا بوون، چووم
سەیریان بکەم بۆ جوانی، خاوەنەکەی گوتی ئەیفرۆشم، منیش لەوێ بڕیارمدا هەموویان
بکڕمەوە و ئازادیان بکەم. بۆیە لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی
و مامۆستا جەلالی ژینگەدۆست قسەم کرد بۆئەوەی شوێنێکی گونجاویان بۆ بدۆزینەوە.
ئەوەبوو سێ رۆژ پێش ئێستا هاتین بۆ شارباژێڕ و بە گونجاومان زانی و ئازادمان کردن."
شارباژێڕ،
ناوچەیەکی پڕ دەشت و کێو و شاخی سەختە و ژینگەکەی لەبارە بۆ ژیانی ئاژەڵ و باڵندە
کێوییەکان.
جەلال شێخ کەریم، ژینگەدۆست، دەڵێت: "حاجی شەریف هەنگاوێکی زۆر باشی لەم ناوچەیە ناوە، چونکە شوێنێکی زۆر گونجاوە بۆ ژیانی ئەم ئاژەڵە کێوییانە، پڕی ئاو و شاخ و سەختییە. پێشتریش لێرە ورچ و پڵنگ بینراوە و زۆر گونجاوە بۆ ژیانی ئاژەڵە کێوییەکان."
دانیشتووانی شارباژێڕ دڵخۆشن بەم جۆرە کارانە و هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ پاراستنیان.
عەلی
حەسەن، گوندنشینێکە و دەڵێت: "ئەگەر بزانین کەسێک بۆ راوکردن دێت، پۆلیس
ئاگاداردەکەینەوە یان خۆمان لە رێگەی پەیوەندییە خزمایەتییەکانەوە ئاگاداریان
دەکەینەوە و پەشیمانیان دەکەینەوە لەو کارە."
بزنەکان
بە هەماهەنگیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئازادکران و ئەو بەڕێوەبەرایەتییەش
هەوڵدەدات رێگری لە لەناوچوونی ئاژەڵە کێوییەکان بکات.
عەمید هۆشیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، رایگەیاند: "لە چەند رۆژی رابردوودا هەر لەم سنوورە دوو راوچی دادگایی کران و سزادران، بۆیە دڵنیابن هەمیشە لە چاودێریدا دەبین و لە هەموو گوندەکان سەرچاوەمان هەیە و خەڵک زانیاریمان پێدەدات. بەبێ جیاوازیش هەرکەسێک دەستدرێژی بکاتە سەر سرووشتی کوردستان، رووبەڕووی دادگای دەکەینەوە."
بزنە کێوییەکان لە شوێنێکی شاخاوی و دوورەدەست ئازادکران، کە تەمەنیان لە نێوان حەوت مانگ بۆ چوار ساڵدایە و نێر و مێیان تێکەڵن.


