رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای نزیکبوونەوەی وەرزی نوێی خوێندن، قوتابخانەیەکی نوێ لە دهۆک کە دوو ساڵە تەواو بووە، هێشتا یەک رۆژ دەوامی تێدا نەکراوە. ئەمەش وایکردووە نزیکەی 600 قوتابیی سێ پڕۆژەی نیشتەجێبوون ناچار بن پەنا بۆ قوتابخانەکانی ناو شار ببەن و تێچوویەکی زۆری گواستنەوە بدەن.
ئەم قوتابخانەیە دەکەوێتە نێوان چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوە. فەتاح عەبدولڕەحمان، موختاری کایار ستی، گلەیی لە دواکەوتنی کردنەوەی قوتابخانەکە دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "دوو ساڵە بیناکە تەواو بووە، بەڵام دەوامی تێدا ناکرێت. کۆمپانیا دەڵێت رادەستی پەروەردەمان کردووە، پەروەردەش دەڵێت دەبێت کەلوپەلەکانمان هەمووی نوێ بن و بەو شێوەیە ماوەتەوە."
ئەحمەد عەلی، موختاری پڕۆژەی دابین، ئاماژە بەوە دەکات کە خەڵکی ئەو سێ پڕۆژەیە مەجبوورن منداڵەکانیان بە پاس و ئۆتۆمبێلی کرێ بنێرن بۆ قوتابخانەکانی دیکەی وەک (کاوە)، لەکاتێکدا قوتابخانەکە لە بن گوێی خۆیاندایە و نزیکەی 600 قوتابی لێی سوودمەند دەبن.
کەموکوڕی لە بیناکەدا هەیە سەبارەت بە هۆکاری وەرنەگرتنی بیناکە، هەواڵ سەدیق، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک بە رووداوی گوت: "لە ماوەی دوو ساڵدا پێنج قوتابخانەمان تەواو کردووە، بەڵام قوتابخانەکەی پڕۆژەی کایار هەندێک کەموکوڕیی بیناسازیی تێدایە. لیژنەی پەروەردە سەردانی کردووە و راپۆرتی داوەتە ئێمە، ئێمەش ئاراستەی کۆمپانیامان کردووە بۆ چاککردنی. هەر کاتێک ئەو تێبینییانە جێبەجێ کران، پەروەردە میلاکی بۆ دابین دەکات و دەوام دەستپێدەکات."
ئاماری خوێندن لە دهۆک:
- ژمارەی بیناکان: 1,040 بینای قوتابخانە.
- پێویستیی ساڵانە: زیاتر لە 20 بینای نوێ.
- قوتابیانی پارساڵ: 406,539 قوتابی لە سنووری پارێزگای دهۆک.
- پۆلی یەکی سەرەتایی: 31,029 قوتابی (بۆ ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت ژمارەکە زیاتر بێت).
لە کاتێکدا پارێزگای دهۆک پێویستییەکی زۆری بە بینای نوێ هەیە بۆ کەمکردنەوەی گوشار لەسەر قوتابخانەکان، مانەوەی بینایەک بۆ ماوەی دوو ساڵ بەهۆی "کەموکوڕیی بیناسازی" یان "نەبوونی کەلوپەل"، بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر شانی دایک و باوکان دروست کردووە.
.png&w=3840&q=75)
