رووداو دیجیتاڵ
پۆلێک گەنجی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دوای مانگێک لە بێسۆراغی و مانەوە لە زیندانەکانی لیبیا، گەیشتنەوە نیشتمان. ئەم گەنجانە کە ژمارەیان 33 کەسە، خەونی گەیشتن بە ئەوروپایان هەبوو، بەڵام لە لیبیا دەستگیرکران و دوای چەندین رۆژ لە دڵەڕاوکێ و برسییەتی، گەڕێندرانەوە نێو کەسوکاریان.
ئەم گەنجانە کە تەمەنیان لەنێوان 16 بۆ 27 ساڵدایە، چیرۆکێکی تاڵیان لە پشتە؛ هەر یەکێکیان بڕی 19 هەزار دۆلاری دابوو بە قاچاخچییەکان بەو ئومێدەی پێ بنێنە سەر خاکی ئیتاڵیا، بەڵام لە لیبیا کەوتنە ناو زیندان. ئاکام ئەحمەد، یەکێک لە کۆچبەرە گەڕاوەکان، باس لە دۆخی زیندان دەکات و بە رووداوی راگەیاند: "بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، خواردنمان کەم بوو. سێ کوڕی دیکەمان لەوێ مابوون، گوتراوە لە چەند رۆژی داهاتوودا باڵیۆزخانەی عێراق دەیانهێنێتەوە."
فرمێسکی شادیی باوکان لە کاتی پێشوازیکردنیاندا، کەسوکاری گەنجەکان نەدەکرا خۆشیی خۆیان بشارنەوە. ئەحمەد رەسووڵ، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان، بە رووداوی گوت: "کز و کەنەفت بوون، دیار بوو زۆر برسی بوون و ئازاریان چەشتووە. سوپاس بۆ خودا کە سەلامەتن، سوپاسی حکومەتیش دەکەین کە ئەرکیان کێشا و منداڵەکانمانیان بۆ گەڕاندینەوە."
ئاماری کۆچبەرانی سنوورەکە عوسمان مستەفا، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە ئیدارەی راپەڕین، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆچ. بەپێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە:
- لە ساڵی 2025ـەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 کۆچبەر لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە
هەرێمی کوردستان (زۆربەیان خەڵکی ڕاپەڕینن).
- لە ئێستادا 10 گەنجی دیکەی سنوورەکە زیاتر لە مانگێکە لە لیبیا چارەنووسیان نادیارە و هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەیان بەردەوامە.
ئەم گەڕانەوەیە لە کاتێکدایە کە شەپۆلی کۆچی گەنجانی هەرێمی کوردستان بە رێگە مەترسیدارەکاندا بەردەوامە، سەرەڕای هۆشدارییەکان لەبارەی مەترسییەکانی رێگەی دەریایی و کەوتنە ناو زیندانەکانی وڵاتانی ترانزێت.

