رووداو دیجیتاڵ
یاسمین محەممەد، دوای چەندین ساڵ ئاوارەیی، بڕیاری داوە لە کەمپەوە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، بەڵام چادرەکەشی لەگەڵ خۆی دەباتەوە؛ چونکە دەزانێت خانووەکەی لە گوندی 'تل سنان' لە سنووری سەرێکانێ بە تەواوی وێران کراوە. یاسمین لەگەڵ کاروانێکی ئاوارەکان بەرەو شارەکەی بەڕێدەکەوێت، بەڵام ترس لە داهاتوویەکی نادیار باڵی بەسەر دڵیدا کێشاوە.
یاسمین کە نیوەی منداڵەکانی لە نێو کەمپدا لەدایکبوون، ئێستا سواری ئۆتۆمبێل بووە و بەرەو سەرێکانێ دەچێتەوە. ئەو بە رووداوی راگەیاند: "زۆر سەختە دۆست و ناسەکانمان لێرە جێدەهێڵین. ترسێکی گەورەمان هەیە، چونکە نازانین چی لەپێشمانە؛ ئایا سەلامەت دەبین یان نا؟ تەنیا خودا دەزانێت."
ئەو ئاوارە گەڕاوەیە ئاماژە بە پارچەپارچەبوونی خێزانەکان دەکات و دەڵێت: "خێزانەکان دابەش بوون؛ هەندێک دەگەڕێنەوە و هەندێکی دیکە لێرە دەمێننەوە. من منداڵەکانم لەگەڵ خۆم دەبەم چونکە بچووکن، بەڵام ئەوانەی مامۆستا، سەرباز یان فەرمانبەرن ناتوانن بگەڕێنەوە چونکە لەوێ کاریان نییە."
کێشەی مین و عەرەبە هاوردەکان رێککەوتنی کورد لەگەڵ حکومەت دەروازەی گەڕانەوەی بۆ ئاوارەکان کردووەتەوە، بەڵام ئاستەنگییەکان هێشتا زۆرن. بەشێک لەو "عەرەبە هاوردانەی" پێشتر هێنرابوونە ناوچەکە هێشتا خانووەکانیان چۆڵ نەکردووە، لە لایەکی دیکەشەوە مەترسیی مینە چێنراوەکان لە ئارادایە.
سیامەند خەلیل، جێگری بەڕێوەبەری هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە، باس لە دۆخی تەکنیکی دەکات و دەڵێت: "ئاوارەکانی دێرەزوور ئێستا لە سەرێکانێ نیشتەجێن و دەبێت ئەوانیش بگەڕێنەوە، بەڵام کێشەی خانووە رووخاوەکان هەیە. تاوەکو ئێستا تەنیا 25%ـی ناوچەکەمان لە مین پاککردووەتەوە، کاتی زیاترمان دەوێت و پێویستە حکومەت و رێکخراوەکان هاوکار بن."
یادی تاڵی لێدان و سوکایەتی لە نێو کاروانەکەدا، خانمێکی کورد بە کوڵ دەگری و نایەوێت ناوی ئاشکرا بکات. ئەو لە گەڕانەوە دەترسێت، چونکە هێشتا ئەو رووداوەی لەبیرە کە لە کاروانی یەکەمی گەڕانەوەدا، لە کۆی 50 خێزان، 23 خێزانیان رووبەڕووی لێدان و سوکایەتی بوونەوە. ئەو خانمە گوتی: "هاوژینەکەم سەربازە و ناتوانێت بگەڕێتەوە، منیش بە دوو منداڵەوە دەترسم، بەڵام ناچارین بڕۆین."
پاشخانی رووداوەکان:
- ساڵی 2019: بەهۆی شەڕ و هێرشەکانەوە، تەواوی کوردانی سەرێکانێ و بەشێک لە
عەرەبەکان ئاوارە بوون.
- ئاستەنگییەکان: خانووە وێرانەکان، مینە چێنراوەکان و نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی دێرەزوور لە ماڵی کوردەکاندا.
- دۆخی ئەمنی: مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی گەڕاوەکان لەلایەن گروپە چەکدارەکان یان نیشتەجێبووە نوێیەکان.
ئێستا یاسمین و دەیان خێزانی دیکە، لە نێوان نۆستالژیای نیشتمان و واقیعی وێرانیی ماڵەکانیاندا، بەرەو سەرێکانێ هەنگاو دەنێن، لە کاتێکدا دڵنیاییەکی تەواو نییە کە ئایا ژیانێکی ئارام چاوەڕێیان دەکات یان نا.
