رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە کە بۆ خوێندنی دکتۆرا چووبووە چین، لە رووبارێکی ئەو وڵاتەدا تەرمەکەی دۆزرایەوە. کەسوکارەکەی دەڵێن، هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی روون نییە و باڵیۆزخانەی عێراقیش لە چین چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادی دەکات.
محەممەد سەعدەدین، کە زیاتر لە شەش ساڵ مامۆستا و فەرمانبەری زانکۆی هەڵەبجە بوو، ساڵی رابردوو دوای ئەوەی کونسوڵی چین سەردانی زانکۆی هەڵەبجەی کرد و چەند کورسییەکی خوێندنی دکتۆرای پێشکێش بە زانکۆکە کرد، ئەو هەلی خوێندنەی وەرگرت و چووە چین.
میهرەبان حەمەسەعید، یەکێک لە کەسوکاری محەممەد، بە رووداوی گوت: "وەک هەر گەنجێکی دیکە ئارەزووی خوێندنی ئەکادیمی هەبوو. لە زانکۆکەیەوە هەواڵیان پێداین کە وەفاتی کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ روونکردنەوەیەک بدەن. ئێمەش لە رێگەی تەلەفۆنی زانکۆکەیەوە هەوڵماندا هۆکاری وەفاتەکەی بزانین، بەڵام تائێستا روون نەبووەتەوە."
سێشەممە، 08-09-2026، تەرمی محەممەد سەعدەدین لە رووبارێکی شاری چینگداو لە چین دۆزرایەوە. پۆلیسی چین لە راپۆرتی سەرەتاییدا هۆکاری مردنەکەی بۆ "خنکان" گەڕاندووەتەوە.
هۆشمەند عەتا، مامۆستای زانکۆ و هاوکاری محەممەد، دەڵێت: "مامۆستا محەممەد چەندین ساڵە دەیناسین، مامۆستایەکی دڵسۆز بوو. زۆر پەرۆش بوو بۆ خوێندنی دکتۆراکەی لە چین و خۆشبەختانە کورسییەکەی بۆ دەرچوو. بەداخەوە ئەم رووداوە هەموومانی تەزاند."
باڵیۆزخانەی عێراق لە چین تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چاوەڕێی راپۆرتی کۆتایی پزیشکی دادی دەکەن بۆ دڵنیابوونەوەی تەواو لە چۆنیەتیی رووداوەکە و کار بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی تەرمەکەی بۆ هەرێمی کوردستان.


