رووداو دیجیتاڵ
بۆزان دالی، گەنجێکی 24 ساڵان و باوکی سێ منداڵ، تەنیا چەند رۆژ پێش ئەوەی لە زیندان ئازاد بکرێت، لەناو دووکەڵ و ئاگرەکەی زیندانی کۆبانێدا خنکا و گیانی لەدەست دا. ئەحمەد جمعۆ، خاڵی بۆزان بوو بە میوانی بولتەنی "نۆڕۆژ"ـی رووداو، کە لەلایەن نالین حەسەنەوە پێشکەش دەکرێت و باسی لە رووداوەکە کرد.
بۆزان باوکی سێ منداڵ بوو (منداڵێکیان 5 ساڵان، ئەوی دیکەیان 4 و بێچووەکەشیان کچێکی 2 ساڵانە). ئەو لە مانگی ئادارەوە زیندانی بوو و دەبوو لە 13ـی ئەم مانگەدا ئازاد بکرێت. بەڵام لەجیاتی ئەوەی بگەڕێتەوە باوەشی منداڵەکانی، تەرمەکەی رادەستی خێزانەکەی کرایەوه.
چۆن پێی زانی و تەرمەکەی چۆن دۆزرایەوە؟
ئەحمەد جمعۆ باسی لە کاتی بیستنی هەواڵەکە کرد و گوتی: "پسمامێکی من کە لەناو هێزەکانی ئاسایشە لە رۆژهەڵاتی فورات، تەلەفۆنی بۆ کردم و گوتی لە زینداندا ئاگر کەوتووەتەوە و خوشکەزای تۆش لەناوەوەیە. ئێمە بەپەلە چووینە کۆبانێ. گوتوویانە هەندێک کەس هەڵاتوون و هەندێکیش مردوون. ئێمە بە نەخۆشخانەکاندا گەڕاین، بەڵام نەماندۆزییەوە. پاشان چووینە نەخۆشخانەی سەربازی و تەرمەکەیمان لەوێ دۆزییەوە."
ئەحمەد سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە بۆزان و هاوڕێکانی لە ئاگرەکەدا نەسووتان، بەڵکو بەهۆی دووکەڵەوە خنکابوون: "من بە چاوی خۆم هەشت تەرمم بینی، دەموچاویان نەسووتابوو و لە جەستەیانیشیاندا هیچ سووتانێکی گەورە نەبوو، هەموویان بەهۆی دووکەڵەوە خنکابوون."
"کەس نەبوو دەرگایان لێ بکاتەوە؟"
سەبارەت بە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە، خاڵی بۆزان باسی لەوە کرد، کە دوای رووداوەکانی ئەم دواییە، دەنگۆ بڵاوببووەوە کە زیندانییەکان دەگوازنەوە بۆ زیندانەکانی حەلەب. زیندانییەکانیش ئەمەیان قبووڵ نەکردبوو: "زیندانییەکان گوتوویانە 'ئێمە لە کۆبانێ دەمرین بەڵام ناچینە حەلەب.' لەبەر ئەمەش ئاگریان بەردابووە زیندانەکە. لەو ژوورەدا 26 کەس هەبوون. پرسیاری ئێمە ئەوەیە: ئایا کەس نەبوو دەرگایان لێ بکاتەوە؟ ئەگەر ئەو دەرگایە بکرایەتەوە، ئەم کارەساتە رووی نەدەدا."
خاڵی بۆزان هەروەها گوتە کۆتاییەکانی بۆزانی هێنایە زمان: "هەموو رۆژێکی شەممە دەچووینە سەردانی. دەیگوت 'ئێمە بێتاوان و بێهۆکار کەوتووینەتە ئەم زیندانە، ئەگەر ئێوە دەرماننەخەن من خۆم ئاگر لە خۆم بەردەم.' ئێمە وا بیرمان دەکردەوە کە بە زیندوویی دەیبینین، بەڵام مخابن تەرمەکەیمان بەڕێ کرد."
چیرۆکی ژیانێکی پڕ لە کۆچبەری و بێوایی
بۆزان دالی بە رەچەڵەک خەڵکی گوندی خانیکی عەبدۆ بوو، کە سەر بە کۆبانێیە، بەڵام خێزانەکەی لە زووەوە لە سەرێکانی نیشتەجێ ببوون. بە هێرشەکانی بەرەی نوسرە، بۆزان لەگەڵ دایک و چوار خوشکیدا کۆچیان کرد بۆ تورکیا و پاشان گەڕانەوە کۆبانێ.
ئەحمەد باسی خەونەکانی بۆزانی کرد و گوتی: "ئەو دەیویست وەک هەمووان بژی، بژێوی خۆی دابین بکات و منداڵەکانی بخوێنن، ببنە پزیشک؛ بەڵام نەیانهێشت بگات بە خەونەکانی."
"من قبووڵ ناکەم بەرپرسان بێنە سەرەخۆشی"
خێزانی بۆزان داوای لێکۆڵینەوەیەکی روون و دادپەروەرانە دەکات، بۆ ئەوەی راستیی کردنەوەی دەرگاکان ئاشکرا بێت و گوتیشی "خێوەتمان هەڵداوە، بەڵام من قبووڵ ناکەم بەرپرسان بێنە ژێر خێوەتەکەی منەوە. بۆزان سێ جار لەبەر ئەم ستەم و بێدەسەڵاتییە کۆچبەری کرد. بەرپرسیارێتیی راستەقینەی ئەم کارەساتە لە ئەستۆی بەڕێوەبەریی زیندانییەکەیە، لەبەر ئەوەی دەرگاکانیان لێ نەکرایەوە. تەنیا داواکاریی ئێمە ئەوەیە کە راستی ئاشکرا بێت."
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆبانێ دوو رۆژ شین راگەیێندراوە و بڕیارە قوربانییانی ئەم کارەساتە سبەی بە رێوڕەسمێک ئەسپەردەی خاک بکرێن.


